ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
وە ناوخودا کە دەھندە و دلۆڤانە
(١) ئەلیف، لام، ڕا، ئەمە چەند نیشانەیەکن لە کتێبی لەکارزانی و دوور لە گۆڕان.
(٢) ئاخۆ مەردم سەیر ماون، پیاوێکمان ھەر لە ناو خۆیان ڕاسپاردووە کە: ترسێ وەبەر مەردم نێ و مژدە بدا بەوانەی خاوەن باوەڕن: پلەی بەرزیان لە لای پەروەرێنیان ھەیە؟ خودانەناسەکان گوتیان: ئەم کابرایە ئاشکرایە جادووگەرە.
(٣) پەروەرێنتان خودایەکە بە شەش ڕۆژان ئەم ئاسمانانە و زەمینەی چێ کردووە و ئەوسا لە سەر تەختی فەرمانڕەوایی خۆی دامەزراوە و بەکاروباری ڕادەگا. کێ دەتوانێ لای ئەو ببێتە تکاکار، مەگین بۆ خۆی ئیزنی بدا؟ ھەر ئەو خودایە پەروەرندەی ئێوەیە؛ دەسا عەبدایەتی بکەن. ئاخۆ ئێوە ھیچ بیری لێ ناکەنەوە؟
(٤) بەڵێنی خودا دروستە، ئێوە گشتوو بەرەو ئەو دەگەڕێنەوە. ئەو لە پێشدا دەئافرێنێ و پاشان دەیگەڕێنێتەوە؛ تا ئەوانەی باوەڕدارن و کردەوەی ڕەوایان بووە - بێ جیاوازی - پاداشی خۆیان بداتێ؛ ئەوانەش کە خودانەناس بوون - لە سزای ناسوپاسیدا - ئاوی زۆر گەرم وەخۆن و جەزرەبەی بەژانیان دەبێ.
(٥) ئەو خۆیەتی خۆری کردە تیشکدەر و ھەیڤی کردە تریفەدار و چەند قۆناغی بۆ دیاری کرد؛ تا ھەژماری ساڵەکان و حیسابتانی پێ بزانن. خوا بەڕاستی ئەمانەی وەدی ھێناوە. بەڵگەکان شی دەکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی کە زانان.
(٦) لە ھاموشۆی شەو و ڕۆژ و ئەوەی کە لەم عاسمانان و زەمینەدا ئافراندوونی، زۆر بەڵگە ھەن بۆ ئەوانەی لە خواترسن.
(٧) ئەو کەسانەی دیداری ئێمەیان ناوێ و بە ژینی دنیا ڕازین و لەو بارەوە خاترجەمن، ئەوانەش لە بەڵگەکانمان ھایان نییە،
(٨) لە سوێنگەی کردەوەکانیان ئاگر دەبێتە جێگەیان.
(٩) ئەو کەسانەش کە بوونە خاوەن باوەڕ و ئاکارچاکن، بە باوەڕەی کە ھەیانە خوا ڕێگەیان نیشان دەدا و دەیانباتە ناو باغاتێک پڕ لە خۆشی و جۆباریان بە بەردا دەڕوا.
(١٠) نزایان لە بەھەشتێدا ھەر ئەمەیە: خودایە! پاکی بۆ تۆیە و خۆش و بێشیان ھەر سڵاوە. دوامین نزایان ھەر ئەمەس: سپاس بۆ خوای ڕاھێنەری گش دنیایە.
(١١) ئەگەر ھەر وەک مەردم لە خۆشی بەلەزن، خوداش بۆ زیان لێدانیان بەلەز بایە، دیارە دەمێک بوو نەدەمان. ئێمە لەوانە واز دێنین کە حەز بە دیدارمان ناکەن؛ با ھەر لە سەرکێشی خۆیاندا سەرگەردان بمێننەوە.
(١٢) مرۆ ئەگەر بەڵایەک پێسیری دەگرێ - لە سەر تەنیشت یا بە ڕاکشان یان بە پێوە - لەبەرمان دەپاڕێتەوە. کاتێ بەڵان لەسەر لادان، وەھا دەڕوا ھەر وەک ھیچ لەبەرمان نەپاڕابێتەوە، بۆ بەڵایەک تووشی بووە! ئا بەم جۆرە کردەوەمان بۆ ئەوانەی ھەڵەڕۆن، ڕازاندۆتەوە.
(١٣) گەلێک بەرەمان - لە پێشوودا - لەبەین برد؛ کاتێ کە ناھەقیان کرد. پێغەمبەران بە نیشانانی دیارییەوە ھاتنە لایان، ھەر باوەڕیان پێ نەھێنان. ئێمە ئاوا تاوانباران سزا دەدەین.
(١٤) لە پاش ئەوان ئێوەمان لەم سەرزەمینە جێنشین کرد؛ کە ببینین کردەوەی ئێوە چۆن دەبێ.
(١٥) کاتێ بەڵگە ئاشکراکانی ئێمەیان بەسەردا دەخوێنرێتەوە، ئەو کەسانەی بە ئاواتی چاوپێکەوتنی ئێمە نین، دەڵێن: قورئانێکی ترمان - بەغەیرەز ئەمە - بۆ بێرە، یان بیگۆڕە. بێژە: لە وزەمدا نییە کە لە خۆمەوە بیگۆڕم. من ھەرچی لە خواوە بۆم بێ، ھەر لەوە پەیڕەوی دەکەم؛ ئەگەر ئەمن لە فەرمانی پەروەرندەی خۆم دەربچم ترسم ھەیە لە جەزرەبەی ڕۆژا مەزن.
(١٦) بێژە: گەر خوا بیویستایە، بۆتانم نەدەخوێندەوە و ھەر فێریشی نەدەکردن. من بەرلەوەش تەمەنێکم لە ناو ئێوەدا ڕابوارد، دەی سا چۆنە کە تێناگەن؟
(١٧) کێ لەوە ناھەقترە درۆ بۆ خوا ھەڵدەبەستێ، یان نیشانەکانی خودای بە درۆ زانی؟ بێگومانە تاوانباران ڕزگار نابن.
(١٨) غەیرەز خودا شتانێ وا دەپەرستن، نە زیانێکیان لێ دەدەن نە بەھرەیان بۆیان ھەیە؛ دەشڵێن ئەمانە لای خودا بۆمان دەبن بە تکاکار. بێژە: ئاخۆ گەرەکتانە خوا لە شتێک ئاگادار بکەن کە لە ناو ئاسمانەکان و زەمیندا پێی نەزانیون؟ خودا پاکە و بەرزترە لەو شتانەی ئەوان دەیکەن بە شەریکی.
(١٩) ھەموو مرۆ، یەک تیرە بوون؛ پاشان لێک جیابوونەوە. گەر لە پێشدا گفتی پەروەرندەت نەبا، ئەوەی کە مایەی کێشەیە لە ناویاندا، ئێستە یەکاڵا کرابوو.
(٢٠) دەشڵێن: بۆچی پەرجوێکی لە لای پەروەرندەیەوە بۆ نەھاتۆتە خوارەوە؟ بێژە: زانستی نەدیاری بۆ خودایە. دەسا ئێوە چاوەنۆڕ بن، ئەوا منیش دەگەڵ ئێوە لە رێزەی چاوەنواڕانم.
(٢١) ھەرگا لە پاش زیان دیتن - کە ئەو مەردمە تووشی دێن - لە ئێمەوە تامی بەزەیی دەچێژن، بەلای ئەوان لە نیشانانی ئێمەدا گزی ھەیە. بێژە: خودا لەسەر گزی بەلەزترە و ھەر گزەیەکی ئێوە دەیکەن، ئەسپاردەکانمان دەینووسن.
(٢٢) ھەر خۆیەتی لە ناو دەریا و لەسەر بەژا دەتانگێڕێ. ھەرگا لە ناو کەشتی دان و بە بای لەبەر تەڤگەڕیانە، پێی دڵخۆشن؛ تا بای زۆر بەتوند ھەڵدەکا و لە گش لاوە پێلیان بۆ دێ و باش دەزانن کە ھەموو دەوریان گیراوە؛ بەوپەڕی بڕوای پاکەوە لە خودا دەپاڕێنەوە: گەر تۆ لەمەمان ڕزگار کەی، لە سپاسگوزاران دەبین.
(٢٣) ھەرگا خودا نەجاتی دان - بە ناھەقی - لەسەر زەوی یاغی دەبن. خەڵکینە! ئەم ناھەقییانە ھەر زیانی بۆ خۆتانە و بۆ خۆشی ژیان لە دنیایە؛ پاشان دێنەوە لای ئێمە و ئەوسا ئاگادارتان دەکەین کە چوو دەکەرد.
(٢٤) ھەڵبەت ژیانی ئەو دنیایە ھەر وەکوو ئەو ئاوە وایە کە لە حەوا دەیبارێنین و ڕووەکی جوراوجۆری ئەم سەرزەمینەی پێ دەڕوێ؛ ئەو شتانەی کە مرۆڤ و ئاژەڵ دەیخۆن. تا ئەو کاتەی زەمین ڕەنگاوڕەنگ دەبێت و خۆ جوان دەکا و خێوی زەوی لایان وایە لە دەستەڵاتی واندایە. ھەتا کاتێ فەرمانی ئێمەی دێتە سەر - جا بە شەو یان لە ڕۆژێدا - ئاوا وەکوو درەوکراوی لێ دەکەین، ھەر وەک دوێنێ ھەر نەبووبێ! ئێمە ئاوا نیشانان شی دەکەینەوە بۆ وانەی بیر دەکەنەوە.
(٢٥) خودا بۆ ماڵی ھێمنی گازی دەکا و ھەر کەسێ ئەو خۆی حەز بکا، ڕێگەی ڕاستی نیشان دەدا.
(٢٦) بۆ ئەوانەی چاکە دەکەن، چاکەی دەکەین و زیاتریش؛ تۆزی ڕەش و سووکایەتی نانیشێتە سەر ڕوخساریان. ئەوانە بەھەشتییەکانن؛ تاھەتایە تیا دەبن.
(٢٧) ئەو کەسانەش کاری خراپیان کردووە، سزایان خراپەیەکی وەکوو ئەوە و سووکایەتییش سەرباریانە و کەس لە خوایان ناپارێزێ؛ ئێژی ڕوویان چەند بەتڵێک لەتاریکەشەو دایپۆشیون. ئەمانە یاری ئاگرن؛ تا ھەتایە تیادەبن.
(٢٨) لەو ڕۆژەدا کە ھەمووان کۆ دەکەینەوە، پاشان بەو کەسانە ئێژین کە، شەریکیان بۆ خوا زانی: ئێوە دەگەڵ شەریکانوو لە جێ مەبزوون! ئەوسا لێکیان ھەڵداوێرین. شەریکەکان دەیاندوێنن: ئێوە ھەرگیز ئێمەتان نەپەرستووە.
(٢٩) لە نێوان ئێمە و ئێوەدا خودامان شایەت بێ بەسە؛ ئێمە ھیچ ئاگان لێ نەبووە کە ئێوە پەرستووتانین.
(٣٠) ھەر لەو جێیە ھەموو کەسێک بە ئەزموونا تێدەپەڕێ؛ ھەر کارێکی کە لە پێشدا کردوویەتی دێتەوە ڕوو. دەیانبەینەوە لای خودای گەورەی بەڕاستی ھەموویان؛ ھەر درۆی ھەڵیان بەستبوو بەفیڕۆ چوو.
(٣١) بێژە: کێیە لە ئاسمان و زەمینەوە ڕۆزیو دەدا؟ یان خاوەنی ئەم گوێ و چاوانەتان کێیە؟ چ کەسێکیش زیندوو لە مردوو دەردەخا. مردوو لە زیندوو دەردێنێ و کێیە بە کاران ڕادەگا؟ زوو ئێژن: خوا. بێژە: دەی بۆ لێی ناترسن؟
(٣٢) بەڵێ، ھەر خوا پەروەرندەی ڕاستیتانە؛ لە پاش ڕاستی چ ھەیە غەیرەز گومڕایی؟ دەی چۆن لە ڕاستی لادەدرێن؟!
(٣٣) ئا بەم جۆرە وتاری پەروەرندەی تۆ لە سەر لەڕێ لادەرەکان وەڕاست گەڕا؛ کە ئەوان بڕوا ناھێنن.
(٣٤) بێژە: ئاخۆ لە ناو ئەو شەریکانەودا ئی وا ھەیە کە لە نوێ شتێک چێ بکا و لە پاشان زیندووی کاتەوە؟ بێژە: خودا پێشوو بوونەوەر چێ دەکا و دوایەش زیندووی دەکاتەوە. دەی چۆن لە ڕاستی لادەدرێن؟
(٣٥) بێژە: ئاخۆ لە ناو ئەو شەریکانەودا ئی وا ھەیە، کە ڕێبەری ڕاستەڕێ بێ؟ بێژە: خودا بەرەو ڕاست شارەزا دەکا. دەسا کەسێک کە ڕێبەری ڕاستەڕێیە، ھێژاترە شوێنی کەون، یان کەسێکی بۆ خۆی بە ڕێگە نازانێ، مەگین ڕێگەی پێ نیشان دەن؟ چیتانە، چۆن پێ ڕادەگەن؟
(٣٦) زۆرینەیان ھەر لە شوێن خەیاڵ وێڵ دەبن؛ خۆ خەیاڵیش لە حاند ڕاستی چ ناھێنێ. خودا لە ئاکارەکانیان ئاگادارە.
(٣٧) ناگونجێ ئەم قورئانە ھی خودا نەبێ و ھەڵبەسترابێ. ئەم قورئانە باوەڕ دەکا بەو کتێبەی کەوا لە پێشدا ھاتووە و ئێستا لەبەردەستی دایە و ڕۆشنیشی دەکاتەوە؛ ھیچ گومانی تێدا نییە لەلایەن پەروەرێنی گش جیھان ڕایە.
(٣٨) یا ئێژن: خۆی ھەڵیبەستووە. بێژە: گەر بەڕاستیتانە خۆتان و ھەر کەسێکی تر - کە دەتوانن غەیرەز خودا گازی بکەن - تاقە سووڕەتێکی وەک ئەم وەدی بێنن.
(٣٩) نەخێر ئەوان شتێک بە درۆ دەزانن، کە ھیچی لێ تێنەگەیون و بۆشیان لێک نەدراوەتەوە. ئەوانەی پێش ئەمانەش بوون، بەو دەردە چوون. سا بڕوانە دواڕۆژی ناھەقیکاران بە کوێ گەیشت.
(٤٠) لەوانیشدا ئی وا ھەیە بڕوای پێیە و ھەشیانە بڕوای پێ نییە و پەروەرندەت بەدفەڕان باشتر دەناسێ.
(٤١) ئەگەر ئێژن: تۆ درۆیان دەکەی، بێژە: ئاکاری من سەربەمنە و کردەی ئێوە سەربەخۆتان؛ ئێوە لە کارم تەریکن و منیش تەریکم لەو کارەی ئێوە دەیکەن.
(٤٢) لە ناویاندا ئی واش ھەیە گوێت لێدەگرن؛ ئاخۆ ئەگەر ھیچ تێنەگەن، تۆ دەتوانی گوێ نەبیستان تێبگەیەنی؟
(٤٣) تێشیاندایە لێت دەڕوانێ؛ ئاخۆ تۆ گەرەکتە - کوێران کە چاوی دیتنیان نییە - شارەزاکەی؟
(٤٤) دیارە خودا - بە ھیچ ئاوا - ناھەقی لە مەردم ناکا؛ بەڵام مەردم ناھەقی لە خۆیان دەکەن.
(٤٥) ڕۆژێ کۆیان دەکاتەوە - ھەر وەک تاوێک لە ڕۆژێکا مابێتنەوە - خۆ بەیەکتر دەناسێنن. بێ گومانە زیانبارن ئەو کەسانەی کە بڕوایان بە دیداری خودا نەبووە و شارەزای ڕێگەش نەبووگن.
(٤٦) ئەر ئێمە ھێندێک لەمانەی بەڵێنمان پێیان داوە، شانت بدەین، یان بۆ خۆشت ببەینەوە، ئەوان ھەر دێنەوە لامان؛ ئەوسا خودا شایەتە لە سەر ئاکاریان.
(٤٧) ھەر تیرەیەک لە بنیادەم پێغەمبەری خۆیان ھەبوو. کاتێ پێغەمبەرەکەیان ھاتە ناویان، بێ جیاوازی کاریان بۆ بەڕێوەچووە و ھیچ ناھەقیان لێ نەکراوە.
(٤٨) دەڵێن: ئەگەر قسەو ڕاستن، کەی ئەم بەڵێنە بە جێ دێ؟
(٤٩) بێژە: مەگین خودا حەز کا، دەنا من خۆم لە قازانج و زیانی خۆشم نازانم. ھەر کەسێ لە ھەر تیرەیەک مەودایەکی دیاردەی بۆ دیاری کراوە؛ ئەگەر مەودایان تێپەڕێ، بۆ ساتێکیش دوا ناکەفن و پێش ناکەون.
(٥٠) بێژە: ئەگەر لە شەوێک یان ڕۆژێکدا بەڵاو لە خوداوە بۆ بێ، تاوانکار پەلەی چی دەکەن؟
(٥١) ئەگەر دواجار دەناو بەڵای خودا کەوتن - کە زۆر پەلەتان بۆ دەکرد - ئەوسا بڕوا بە خودا دێنن؟
(٥٢) ئەوسا بەوانە دەبێژن کە بەناھەق جووڵانەوە: دە بچێژن ئازاری لەبنەنەھاتوو؛ ئاخۆ جیا بۆ کارانێکی دەتانکرد، سزا دەدرێن؟
(٥٣) لێت دەپرسن: داخۆ ڕاستە؟ بێژە: بەڵێ، سوێند بە پەروەرندەکەم تەواو ڕاستە و ناتوانن لەبەری ڕاکەن.
(٥٤) ھەرکێ ناھەقی کردبێ، گەر ھەرچی لە زەمیندایە ماڵی ئەوبا، لە بارتەقای خۆیا دەیدا. کاتێک چاویان بە ئازار کەوت، پۆشمانی خۆیان وەشێرن. بە یەکسانی بە ناویاندا ڕادەگەن و ھیچ ناھەقییان لێ ناکرێ.
(٥٥) باش بزانن ھەرچی لە ناو عاسمانەکان و زەویدان، گش ھی خودان. لێشتان ڕوون بێ کە بەڵێنی خودا ڕاستە؛ بەڵام زۆربەیان نازانن.
(٥٦) خۆی ژین دەدا و گیان دەستێنێ و ھەر بەرەو خۆی دەوگێڕنەوە.
(٥٧) ئەی خەڵکینە! لەلایەن پەروەرندەوڕا ئامۆژگاریەکوو بۆ گەیشت؛ چارەی دەردی دڵانیشە و ڕێشاندەرە و بەزەییە بۆ باوەڕداران.
(٥٨) بێژە: لەو چاکە و بەزەییە - کە خوا دەربارەی ئێوەی کرد - کەیف خۆش بن؛ کە ئەمە لە ھەر شتێکی وەکۆی دەکەن ھێژاترە.
(٥٩) بێژە: ئاخۆ لەو بژیوەی کە خودا بۆی بەڕێ کردوون، نۆڕیوتانە؟ کە بەڕەوا و ناڕەوا دابەشووکردن؟ بێژە: خودا ئیزنی پێدان یان بۆ خودای ھەڵدەبەستن؟
(٦٠) ئەو کەسانەی درۆ بۆ خودا ھەڵدەبەستن، بە گومانیان دەبێ ڕۆژی قیامەت چۆن بێ؟ دیارە خودا خاوەن چاکەیە بۆ مەردم؛ بەڵام بەشی ھەرە زۆریان ناسوپاسن.
(٦١) ئەتۆ لە ھەر بارێکدا بی و ھەرچی لە قورئان بخوێنی و ھەر کارێکی ئێوە بیکەن، ئێمە لێتان ئاگادارین، کاتێ خەریکی ئەو کارەن. ھەرچی ھەیە لە زەمین و لە عاسمانا - با لە سەنگی مێروولەی ھەرە وردیلەش یان ورتر یان درشتتر بێ - ھیچیان لە پەروەرێنی تۆ پێوار نابێ و وا لە کتێبی دیاری دەردا.
(٦٢) با تێبگەن کە ئەوانەی دۆستی خودان، ھیچ ترسێکیان لەسەر نییە و خەمیش ناخۆن.
(٦٣) ئەوانەی خاوەن باوەڕن و خۆ لەگواناھ دەپارێزن،
(٦٤) مژدە بۆ وان کە لە دنیا و لە قیامەتێ گفتی خودا گۆڕانی بەسەردا نایە؛ ئەمەیە دەسکەوتی مەزن.
(٦٥) قسەیان خەمگینت نەکا؛ ھەموو دەستەڵات بە خوایە و ھەر خۆی بیسەر و زانایە.
(٦٦) با بزانن ھەرکێ لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە، بۆ خودایە. کەسانێکیش کە ھانایان- جگە لە خوا - دەبەنە بەر شەریکانی، وەدووی ئەوانە نەکەوتوون؛ وەدووی خەیاڵی خاو کەوتوون و لە گومان نەترازاون.
(٦٧) ھەر خۆیەتی، شەوی بۆ ئێوە ھێناوە کە تێیدا بحەسێنەوە و ڕووناکیشی دا بە ڕۆژێ؛ کە لەمەدا بەڵگە زۆرن بۆ ئەو کەسانەی ئەژنەون.
(٦٨) گوتیان: خودا فرزەندی ھەڵبژاردووە! خوا لەو تۆمەتانە پاکە و بێ نیازە. ھی خۆیەتی ھەرچی لە ناو ئاسمانان و زەمیندایە و ئێوە ھیچ بەڵگەتان بۆ ئەم قسە نییە؛ چۆن شتێکی کە نایزانن دەربارەی خودا دەبێژن؟
(٦٩) بڵێ: ئەوی درۆ بۆ خوا ھەڵدەبستن، ڕزگار نابن.
(٧٠) ڕابواردنێکی ھندکە لە دنیایە؛ لە دواییدا دەگەڕێنەوە بۆ لامان لە پاش ئەوە، لە سزای حاشاکردنیان بەتوندی ئازاریان دەدەین.
(٧١) تۆ بەسەرھاتەکەی نووحیان بۆ وەخوێنە، کە وا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: گەلۆ! ئەگەر مانەوەم و بیر ھێنانی نیشانانی خوا لە منڕا لاو گران دێ، من خۆم بە خودا سپارد و ئێوەش دەگەڵ شەریکانوو کاری خۆتان بکەنە یەک و کارسازییەکی وەھا بکەن ھیچ دوودڵی تێدا نەبێ. ئەوسا پەلامارم دەن و ماوەم مەدەن.
(٧٢) ئەگەر نەشھاتنە ڕەدایە، من داوای ھیچ پاداشتێکم لێ نەکردوون؛ پاداشم لە خوداڕایە. من فەرمانم پێدراوە ملکەچی بەر بارەگای بم.
(٧٣) ھەر بە درۆزنیان دەرێنا، ئەوسا خۆی و ئەوانەی کە دەگەڵیا بوون - لە گەمیەدا - نەجاتمان دان و کردمانن بە جێنشین لەسەر زەمین. ئەوانەشمان وەژێر ئاو خست کە نیشانانی ئێمەیان باوەڕ نەکرد. دە بڕوانە ئەوانەی ترسێندرا بوون، چییان بەسەرھات.
(٧٤) لە پاش ئەویش فریەمان لە پێغەمبەران بە نیشانانی دیاریەوە ناردە لای گەلانی خۆیان؛ بەڵام نەھاتنە سەر بڕوا بەو شتانەی کە لە کۆندا بڕوایان پێ نەھێنابوو. ئێمە ئاوا مۆر دەخەینە سەردڵی دەسدرێژکەران.
(٧٥) لە پاش ئەوان مووسا و ھاڕوونمان بەڕێ کرد وێڕای نیشانانی خۆمان، بۆ فیرعەون و سەرزلەکانی دیوانی. خۆیان گەلێک بەزل زانی و تاوانکار بوون.
(٧٦) کاتێ ڕاستیان لە لای ئێمەوە پێ گەیشت، گوتیان: ئەمە ھەر بە ئاشکرا جادووە.
(٧٧) مووسا گوتی: وەختێ ئەم ڕاستە و پێگەیوە، ئاخۆ بەمە ئێژن جادوو؟ کە جادووگەر ڕزگار نابن.
(٧٨) گوتیان: ئاخۆ ھەر بۆ ئەوە ھاتییە لامان، کە لەوانەی باب و کاڵمان لەسەری بوون، وەرمان گێڕی و ئاغایەتی ئەم زەمینە بۆ ئێوە بێ؟ بەڵام ئێمە باوەڕیمان پێتان نییە.
(٧٩) فیرعەون گوتی: ھەموو جادووگەرەکانی فرەزانم لێ کۆوەکەن.
(٨٠) کە جادووگەرەکان ھاتن، مووسا گوتی: چیتان گەرەکە باوێژن، بیھاوێژن.
(٨١) کە ئاویتیان، مووسا گوتی: ھەرچی ئێوە ھاوردووتانە جادووە و خوا لێتانی پووچەڵ دەکا. خودا کاری خراپکاران ڕاست ناھێنێ.
(٨٢) خودا ھەر وەڕاست گەڕانی بەڵێنەکانی شان دەدا؛ جا با تاوانباریش حەزی لێ نەکەن.
(٨٣) بەغەیرەز چەند تازەلاوێک لە ھۆزەکەی، ھیچ کەسی تر- لە ترسی ڕک لێ ھەستانی فیرعەون و پایەبەرزانی دیوانی ئەو- نەیانوێرا بڕوایە بە مووسا بێنن. فیرعەون لەو سەرزەمینەدا جێ بەرزێک و لە ڕێزی ھەڵەڕۆیان بوو.
(٨٤) مووسا بە ھۆزەکەی خۆی گوت: گەلۆ! ئەگەر باوەڕیتان بە خوا ھەیە و ملکەچی فەرمانی ئەون، سا پشتوو ھەر بەو بسپێرن.
(٨٥) گوتیان: خۆمان بە خوا سپارد. ئەی پەروەرندەی ھەموومان! مەمانخەرە بەر ئازار و بێگاری ناھەقییکاران.
(٨٦) لە سۆنگەی بەزەیی خۆتڕا، ڕزگارمان کە، لە کۆمەڵی خوانەناسان.
(٨٧) مووساو برایمان تێگەیاند، کە: ئێوە بۆ ھۆزی خۆتان - لە میسردا - چەند ماڵێک بکەن بە ئەنوا و ماڵانتان بکەن بە ڕوگە و نوێژ بکەن و مژدە دە بە باوەڕداران.
(٨٨) مووسا گوتی: ئەی پەروەرندەی گلامان! تۆ لە ژینی دنیایەدا مایەی خەمڵ و ماڵی دنیاتدا بە فیرعەون و پیاوانی دیوەخانی. خودانێ مە! ھەر تا ڕێگەی تۆ وندا کەن. خودانێ مە! ماڵیان لێ تەرت و توونا کە و دڵیان پتر ڕەق و ڕەش کە بڵا باوەڕی نەھێنن؛ ھەتا جەزرەبەی بەژان بە چاوی خۆیان دەبینن.
(٨٩) گوتی: نزاتان قبووڵ بوو، ئێوە لە مەیدان دەرمەچن و مەکەونە شوێن ئەو کەسانەی کە نەزانن.
(٩٠) وەچەو بەرەی ئیسڕائیلمان لە دەریایە پەڕاندەوە. فیرعەون و لەشکرەکەشی - بۆ ناھەقی و دەستدرێژی - شوێنیان کەوتن؛ تا ئەوسا کە ھات بخێنکێ، گوتی: من باوەڕیم ھێنا؛ ھیچ کەس بۆ پەرستن ناشێ، مەگین ئەوەی کە تۆرەمەی ئیسڕائیل باوەڕیان پێیە؛ منیش لە تەسلیم بووگانم.
(٩١) جا تازە؟ تۆیەک لە پێشدا یاغی بووی و لە ڕێزەی خراپکاران بووی؟
(٩٢) ئەمڕۆ لاشت - بە زرێتەوە - ڕزگار دەکەین، تا بۆ وانەی لە پاشە تۆ دێن، پەندێک بێ؛ چونکە زۆری ئەم مەردمە لە نیشانەکانی ئێمە ئاگادار نین.
(٩٣) ئیتر ئەوسا ئێمە بەرەی ئیسڕائیلمان لە شوێنێک خۆش دامەزراند و ڕۆزی پاک و چاکمان دانێ. ھەتا زانستیان ھاتە لا، کێشەیان لێ پەیدا نەبوو؛ خودانی تۆ ڕۆژی سەڵا پێ ڕادەگا کە لەسەرچی کێشەیان بوو.
(٩٤) گەر تۆ لەوەی بۆمان ناردوویەتە خوارێ بەگومانی، سا بپرسە لەو کەسانەی بەرلە تۆ کتێبیان دەخوێند. ھەرچی لە پەروەرندەتڕا بۆت ھاتووە، بێ شک ڕاستە و لە ڕێزەی دوودڵان مەبە.
(٩٥) ھەرگیز ناشێ لەوانەش بی کە نیشانانی خودایان بە درۆ دانا، ئەوساکە تۆش دەچییە ڕێزی زیانباران.
(٩٦) ئەو کەسانەی گفتی پەروەرندەی تۆیان لێ ھاتە دی، ئیتر باوەڕی ناھێنن.
(٩٧) جا با ھەموو نیشانەیەکیشیان بۆ بێ، ھەتاکوو ئازاری بەژان بە چاوی خۆیان دەبینن.
(٩٨) بۆچی ھیچ شارێک نەبوو کە خەڵکەکەی بڕوا بێنن تا ئەو دەمەی کە بڕواکەیان بەھرەیان پێ بگەیێنێ، بێژگە لە ھۆزەکەی یوونوس؟ کە کاتێ بڕوایان ھێنا، ئازاری ئابڕووبەرەمان، لەسەر دنیا لێ لادان و وان کرد کە ھەتا ماوەیەک خۆش ڕابوێرن.
(٩٩) ئەگەر خودا کەیفی لێ با، دیارە ھەرکێ لەم زەمینەن، تێکڕا باوەڕیان دەھێنا. ئاخۆ تۆ دەتەوێ بە زۆر ئەم مەردمە بڕوا بێنن؟
(١٠٠) ھیچ کەس نەبووە بڕوا بێنێ، مەگین ھەر بە ئیزنی خودا. خوا کرێتی بۆ ئەوانە بڕیار داوە کە تێ ناگەن.
(١٠١) بێژە: بەری خۆ بدەنێ لە ئاسمانان و زەمیندا چھا ھەیە؛ کەچی ئەم ھەموو نیشانە و ترساندنە کار ناکاتە سەر گرۆی بڕوا نەھێنان.
(١٠٢) ئاخۆ نە ھەر چاوەنۆڕی ڕۆژانێکن ھەر وەک ڕۆژانی ئەوانە کە بەر لەوان بوون و نەمان؟ بێژە: دەسا چاوەنۆڕ بن، ئەوا منیش وێڕای ئێوە چاوەنۆڕم.
(١٠٣) پاشان پێغەمبەرانمان و ئەوانەی بڕوایان ھەیە، ڕزگار دەکەین؛ چون ئەوە ئەرکی ئێمەیە کە باوەڕداران ڕزگار کەین.
(١٠٤) بێژە: خەڵکینە! گەر ئێوە لە دینی من بە گومانن، من ئەوانەی غەیرەز خودان و ئێوە دەیانپەرستن، ناپەرستم. بەڵام ئەمن ئەو خودایەی دەپەرستم، دەومرێنێ و فەرمانیش بە من دراوە لە ڕێزەی باوەڕداران بم.
(١٠٥) ڕووش ھەر کە ڕەوشتی خوداپەرستی و ھەرگیز نەکەی لە ڕێزی بتپەرستان بێ.
(١٠٦) جگە لە خوا ھانا بۆ شتێ وا مەبە کە نە بەھرەی بۆ تۆ ھەیە و نە زیانی لێ دەبینی. ئەگەر کردت، ئەوساکە لە ناھەقانی.
(١٠٧) خوداش ئەگەر تووشی زیانێکت بکا - بێژگە لە خۆی - ھیچ کەسێ نییە لای بدا. ئەگەر چاکەشتی گەرەک بێ، کەس پێش بە چاکەی ناگرێ و ھەر عەبدێکی ئەو حەز بکا، تووشی دەکا. ھەر خۆی لە گوناھ دەبوورێ و دلۆڤانە.
(١٠٨) بێژە: خەڵکینە! وا ڕاستیو لەلایەن پەروەرندەتانەوە بۆ ھات. ھەرکێ ڕێگەی ڕاست بەدی کا، شارەزا بوون بۆ خۆیەسی؛ ھەر کەسێکیش گومڕا ببێ، گومڕایی دژی خۆیەسی. من بریکاری کەستان نیم.
(١٠٩) ھەر فەرمانێ بۆت دەنێرین، شوێنی کەوە و خۆڕابگرە، ھەتا خودا پێ ڕادەگا و خودا باشترین داوەرە.

پەراوێز edit