ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار بۆ کوردستان
٣٣. کوردم
برا زۆر سەیرە زوو نەمناسی، من هەر زۆر لە زوو کوردم
کە تۆ پێنج‌شەش کەڕەت گۆڕاوی، من بێ سێ‌ودوو کوردم

لە تەکیە بوویە جێگر، ڕێگر و مێگر لە بن بەرماڵ
ئەمن لەوساوە جێ‌وبانم لە بانی بێشکە بوو کوردم

عەجەم بووی، بوویە تورک و بوویە عارەب، ئێستە سەرشێواو
ئەمن بێ گێلمەگێلم و کەشمەکەش، بێ چاشنوو کوردم

سپی بووی، بوویە شین و بوویە سوور و ئێستە ڕووزه‌ردی
ئەمن یەک ڕەنگ و ڕوو، وەک پیاوی خاوەن‌ئابڕوو کوردم

کە تۆ بۆ مز لە نێو مزگەوتی، کوردستانە ڕووگەی من
کە تۆ دەروێشی زەرگ و مەرگی، من بێ های‌وهوو کوردم

کە تۆ پەل بۆ هەموو جێیەک دەکێشی و بێ ڕەگ و پنجی
ئەمن گەر پەل‌پەلیشم کەن، لە سەر یەک ڕێگەم و کوردم

دڵت بۆ پارە پارە، بیر لە لیرە گیرە، دەم بۆ دەم
سەراپا، ڕەگ بە ڕەگ، ئێسقان بە ئێسقان، موو بە موو کوردم

کە تۆ دەرپێت فڕێ دا و چاکەتی چاکت لە بەر خۆ کرد
ئەمن شەرمم لە خۆ و شاییم بە خۆمە، جل‌شڕ و کوردم

کە تۆ گیرفان‌پڕی گیرفانبڕی، من هەر هەژار ماوم
کە تۆ خۆت دا بە خواردن، من لەگەڵ گاڵ و بەڕوو کوردم
نووسین: ڕێژوان کوردستانی

پەراوێز edit