شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: کوردم سەبارەت: نووسین: ڕێژوان کوردستانی برا زۆر سەیرە زوو نەمناسی، من هەر زۆر لە زوو کوردم کە تۆ پێنج‌شەش کەڕەت گۆڕاوی، من بێ سێ‌ودوو کوردم لە تەکیە بوویە جێگر، ڕێگر و مێگر لە بن بەرماڵ ئەمن لەوساوە جێ‌وبانم لە بانی بێشکە بوو کوردم عەجەم بووی، بوویە تورک و بوویە عارەب، ئێستە سەرشێواو ئەمن بێ گێلمەگێلم و کەشمەکەش، بێ چاشنوو کوردم سپی بووی، بوویە شین و بوویە سوور و ئێستە ڕووزه‌ردی ئەمن یەک ڕەنگ و ڕوو، وەک پیاوی خاوەن‌ئابڕوو کوردم کە تۆ بۆ مز لە نێو مزگەوتی، کوردستانە ڕووگەی من کە تۆ دەروێشی زەرگ و مەرگی، من بێ های‌وهوو کوردم کە تۆ پەل بۆ هەموو جێیەک دەکێشی و بێ ڕەگ و پنجی ئەمن گەر پەل‌پەلیشم کەن، لە سەر یەک ڕێگەم و کوردم دڵت بۆ پارە پارە، بیر لە لیرە گیرە، دەم بۆ دەم سەراپا، ڕەگ بە ڕەگ، ئێسقان بە ئێسقان، موو بە موو کوردم کە تۆ دەرپێت فڕێ دا و چاکەتی چاکت لە بەر خۆ کرد ئەمن شەرمم لە خۆ و شاییم بە خۆمە، جل‌شڕ و کوردم کە تۆ گیرفان‌پڕی گیرفانبڕی، من هەر هەژار ماوم کە تۆ خۆت دا بە خواردن، من لەگەڵ گاڵ و بەڕوو کوردم ++++++++++++++++++++++