ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار بۆ کوردستان
١٤. لە خۆتم بپارێزە
زۆر جار لە ڕادیۆکانی ئیستیعماری و کلکەکانیەوە ئەمانبیست کە گۆیا خەتەری سوور هەڕەشە لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکا و ئینگلیز و ئامریکا دەیانپارێزن، لە وەرامی ئەوەدا گوتوومە.
سەگ بە ڕیوی گوت: کەی جێژنەتانە
بێم بۆ دیدەنی و بێنم جێژنانە
وتی ئ-ەو ڕۆژەی کە تۆ نابینم
گەورەتر جێژنە لە ماوەی ژینم
***
مامە تۆ سەری ساکسۆن و مام سام
تۆ لەو بەری ئاو من لە ئاسیام
پێم ناڵێی چی تۆی گەیاندۆتە لام؟
بە درۆ و دەلەسە خۆت کردە برام!
دەتەوێ بە زۆر دۆست و یارم بی
لە خەتەری سوور پارێزگارم بی؟
بێبەزە و خوێنمژ، خاوەنی هێزی
خواهی و نەخواهی هەر دەمپارێزی
ئێستاش تۆ ڕەنگە بەوەم بزانی
کە جاری جاران لێمت دەڕوانی
نا، نا وەک جاران نەماوم مامە
نەتناسم لەبەر ڕیش و عەمامە
دیوی ئاوەژووت لێم ڕا دیارە
کارت شکاری گەلی نزارە
ئەگەر تۆ مەردی خودای نەخواستە
لە ملیۆن قسەت یەکێکی ڕاستە
دەتەوێ دەرچم لە بەڵا و خەتەر
نەفەسێک بدەم منی خاکەسەر؟
ڕزگارم بکە لە چنگاڵی خۆت
من لە ماڵی خۆم، تۆ لە ماڵی خۆت
لە تۆ خەتەرتر دوژمن ناناسم
تەنیا لە تۆیە ترس و هەراسم
خەتەری شین و سوورم هەر خۆتی
بەڵای نزیک و دوورم هەر خۆتی
هۆی چاوی سوور و ڕەنگی زەردم تۆی
مایەی هەژاری و ڕەنج و دەردم تۆی
تۆ دەس هەڵگری و دەرچی لە دیارم
بە مەرگت ئەو دەم ئ-ازا و ڕزگارم
١٩٥٠/١١/٠٥ - نەخۆشخانەی بەحنەس- لبنان

پەراوێز edit