شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: لە خۆتم بپارێزە سەبارەت: ١٩٥٠/١١/٠٥ - نەخۆشخانەی بەحنەس- لبنان زۆر جار لە ڕادیۆکانی ئیستیعماری و کلکەکانیەوە ئەمانبیست کە گۆیا خەتەری سوور هەڕەشە لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەکا و ئینگلیز و ئامریکا دەیانپارێزن، لە وەرامی ئەوەدا گوتوومە. سەگ بە ڕیوی گوت: کەی جێژنەتانە بێم بۆ دیدەنی و بێنم جێژنانە وتی ئ-ەو ڕۆژەی کە تۆ نابینم گەورەتر جێژنە لە ماوەی ژینم *** مامە تۆ سەری ساکسۆن و مام سام تۆ لەو بەری ئاو من لە ئاسیام پێم ناڵێی چی تۆی گەیاندۆتە لام؟ بە درۆ و دەلەسە خۆت کردە برام! دەتەوێ بە زۆر دۆست و یارم بی لە خەتەری سوور پارێزگارم بی؟ بێبەزە و خوێنمژ، خاوەنی هێزی خواهی و نەخواهی هەر دەمپارێزی ئێستاش تۆ ڕەنگە بەوەم بزانی کە جاری جاران لێمت دەڕوانی نا، نا وەک جاران نەماوم مامە نەتناسم لەبەر ڕیش و عەمامە دیوی ئاوەژووت لێم ڕا دیارە کارت شکاری گەلی نزارە ئەگەر تۆ مەردی خودای نەخواستە لە ملیۆن قسەت یەکێکی ڕاستە دەتەوێ دەرچم لە بەڵا و خەتەر نەفەسێک بدەم منی خاکەسەر؟ ڕزگارم بکە لە چنگاڵی خۆت من لە ماڵی خۆم، تۆ لە ماڵی خۆت لە تۆ خەتەرتر دوژمن ناناسم تەنیا لە تۆیە ترس و هەراسم خەتەری شین و سوورم هەر خۆتی بەڵای نزیک و دوورم هەر خۆتی هۆی چاوی سوور و ڕەنگی زەردم تۆی مایەی هەژاری و ڕەنج و دەردم تۆی تۆ دەس هەڵگری و دەرچی لە دیارم بە مەرگت ئەو دەم ئ-ازا و ڕزگارم ++++++++++++++++++++++