ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار بۆ کوردستان
١٣. فرمێسکی هەژارێک
ساڵی ١٩٥٧ وەک لە پێشەکیدا گوتم بەرەو مۆسکۆ چووم، هێندێک لە برادەرانی عێراقی و سووری نەیانهێشت و لەچیکوسلۆفاکیاوە دەریان کردم. مانگێک لە ئەڵمانیادا سەرگەردان خولامەوە. ڕۆژێک لە سەر چۆمی [ڕاین] غوربەتیم هەستابوو، ئەم شێعرانەم هۆندەوە:
لەسەر چۆمی ڕاین لە ڕۆژگارێ جارێ
تکا ئەشکی ئاوارە کوردێ، هەژارێ
بەسەریا خوڕی: کوێندەریی ئەی تکەی سوێر
ئەتۆ و ئێرە چی دەنکە فرمێسکی بێ خێر؟
وتی: ئاوی چاوی کوڕی کوردستانم
لە دەجلە و فوراتڕایە ناو و نیشانم
لە زێڕینەڕوود و تەتاهۆ سەلامێ
لە بەژنت لە چلچەشمە پێمە پەیامێ
لەسەرخۆ بە ئەی ڕاینی شۆخ و شیرین
شتێک بووین ئەمەش گەرچی ئێستا ئەسیرین
هەچەند دیل و بێچارەشە نیشتمانم
ببەخشە لە جێی تۆی بە خۆشتر دەزانم
چ کەڵوە و چ سیروان و ئاوێژەڕۆیە
بە دیمەن هەمووی شۆخ و شەنگتر لە تۆیە
ئەگەر لادەچێ ئەم تەمەی نەگبەتیمان
بە خاوەن دەبێ کێو و چۆم و زەویمان
لە دڕکی نەیاران بژارێکی دەکرێ
هەزارانی وەک تۆ لە شاباشی دەدرێ
بەڵێ ئاوی چاوم لە دڵ هەڵکزاوم
لەڕێی سەربەخۆبوونی کوردان ڕژاوم
وتی ڕاین: ئەی تیشک و هێزی دڵی من
وەرە باوەشم بتبەمە بەحری بێ بن
بە هاوار و دادت موحیت بشڵەژێنە
لە چەپگەردی گەردوون بەشی کورد بسێنە
١٩٥٧/٠٨/١٥ - بادگودەزبیرگ، ئەڵمانیا

پەراوێز edit