شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: فرمێسکی هەژارێک سەبارەت: ١٩٥٧/٠٨/١٥ - بادگودەزبیرگ، ئەڵمانیا ساڵی ١٩٥٧ وەک لە پێشەکیدا گوتم بەرەو مۆسکۆ چووم، هێندێک لە برادەرانی عێراقی و سووری نەیانهێشت و لەچیکوسلۆفاکیاوە دەریان کردم. مانگێک لە ئەڵمانیادا سەرگەردان خولامەوە. ڕۆژێک لە سەر چۆمی [ڕاین] غوربەتیم هەستابوو، ئەم شێعرانەم هۆندەوە: لەسەر چۆمی ڕاین لە ڕۆژگارێ جارێ تکا ئەشکی ئاوارە کوردێ، هەژارێ بەسەریا خوڕی: کوێندەریی ئەی تکەی سوێر ئەتۆ و ئێرە چی دەنکە فرمێسکی بێ خێر؟ وتی: ئاوی چاوی کوڕی کوردستانم لە دەجلە و فوراتڕایە ناو و نیشانم لە زێڕینەڕوود و تەتاهۆ سەلامێ لە بەژنت لە چلچەشمە پێمە پەیامێ لەسەرخۆ بە ئەی ڕاینی شۆخ و شیرین شتێک بووین ئەمەش گەرچی ئێستا ئەسیرین هەچەند دیل و بێچارەشە نیشتمانم ببەخشە لە جێی تۆی بە خۆشتر دەزانم چ کەڵوە و چ سیروان و ئاوێژەڕۆیە بە دیمەن هەمووی شۆخ و شەنگتر لە تۆیە ئەگەر لادەچێ ئەم تەمەی نەگبەتیمان بە خاوەن دەبێ کێو و چۆم و زەویمان لە دڕکی نەیاران بژارێکی دەکرێ هەزارانی وەک تۆ لە شاباشی دەدرێ بەڵێ ئاوی چاوم لە دڵ هەڵکزاوم لەڕێی سەربەخۆبوونی کوردان ڕژاوم وتی ڕاین: ئەی تیشک و هێزی دڵی من وەرە باوەشم بتبەمە بەحری بێ بن بە هاوار و دادت موحیت بشڵەژێنە لە چەپگەردی گەردوون بەشی کورد بسێنە ++++++++++++++++++++++