ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٩. دیسان ڕانانی جوانی ئەو دوو چاوبازانە
هێندەی کە خودای بە تاق و تەنیا
پووڵ و شمەکی ڕژاندە دنیا
قەیسەر هەچی بووی لە زێڕ و زێوان
زۆرتر لە بژاردن و لە پێوان
هەڵماس و گەواهێراتی قاقان
تا دەچتە نەقێمەکەی سلێمان
چی نرخی گرانە پێی دەزانی
ناهێنێ کەمووسکەیەک لە جوانی
ئەو جوانی لەڕووی ستی و زینێ
دەریا بوو لە ئاگری ئەوینێ
کاتێ کە دەکەوتە سەر شەپۆلان
سەرڕێژی دەکرد لە گرد و گۆڵان
بۆ هەرچی پڕیشکی خۆی دەپڕژاند
سەد گیانی دەمەولەحاست دەبرژاند
دارا و نەدار و کۆک، ڕەش و ڕووت
ئەو دوانە کە هاتبان دەیان گوت
جوان گەیونە یەکدی مانگ و خۆرن
کڕیار ئەوە بۆیە هێندە زۆرن
ڕاوکەر لە ڕێگەی ئەم ئاسکانە
دڵبەستەیی ئەم دوو ناسکانە
گەر بەور و پڵنگ و نێرەشێر بوو
هەر ڕۆژی بەرێ بە ناڵە فێر بوو
گریان بوو، هەرا بوو، ڕۆژ ئەگەر شەو
هەرگیز نەدەهاتە خەونەوە خەو
هەر جوانییە بێ بن و کەنارە
دڵداری گەلێکە بێ ژمارە
دڵدار هەیە مەردە گیان دەبازێ
ئی واش هەیە وردەماچ دەخوازێ
یەک یاری دەوێ لە بەزم و یاری
یەک گیانی شیرین دەدا بە یاری
لێومژتنە بۆ ستی و تاژدین
خۆکوژتنە دێتە ڕێی مەم و زین

پەراوێز edit