ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٨. پەسنی میری بۆتان و جووتە خوشکە جوانەکەی
ڕەنگڕێژی پەڕانی مێژووزانی
دەنگبێژی جیهانی خۆشخوانی
وا نەخشی دەکرد بە ڕەنگی چەند جۆر
وای بۆ دەگوتم بە بەند و باڵۆر
میرێ هەبوو ڕۆژگاری پێشوو
دڵخوازی بە چی هەبوو، هەمووی بوو
سەرداری گەلێ گەلی زل و ورد
تۆوی عەرەبان و سەروەری کورد
پاتەختی جزیر و بەختی چا بوو
زۆر دەستی گوشاد و شاد و شا بوو
ڕۆم و عەرەب و عەجەم لە فەرمان
ناوبانگی هەبوو بە میری بۆتان
خاڵندی دەگرتەوە لە باپیر
پشت پشتی هەموو زل و جەهانگیر
ئاسمان لەوی بێ ترس نەما بوو
شیرێکی خودا بوو دەرکشا بوو
زیانی نەدەدین و بێ بەزین بوو
ناویشی ئەمیری زینەدین بوو
بۆ جەنگێ کە تەختی خوانی زین بوو
ئیتر نە بەزین و دابەزین بوو
ئازایەتی ویت دەویست بناسی
ناوبانگی گەیشتە مانگ و ماسی
خواناسی ئەویش بە دەنگ و ناو بوو
بۆ هەر دوو جیهان خوداپێداو بوو
حاتەم لە دەهندەیی بەزی بوو
ڕۆستەم هەڕەشێکی وی بەسی بوو
ژیری و هونەر و بە کاری و دین
بەردەوبگرەی بە داد و بەخشین
دەتگوت کە بە بەژنی ئەو بڕا بوو
تا ئەو بوو، بەشی کەسێ نەمابوو
سەد جۆرە گەواهێرات و یاقووت
ئەڵماس و پیرۆزە، لاڵ و زمڕووت
داکرابوو بە کۆ لە هەر شوێنێک
دارماڵ بوو هەموو کون و کەلێنێک
پێت وابوو کە هەندەر و بەهەشتە
کیژۆڵە تژی هەموو فریشتە
هێند سادە و لووسکە نۆکەری بوو
ژوور و دەری هەر پڕی پەری بوو
لەو باغە دوو نەونەمام ڕوا بوون
بێ وێنە لەناو بەهەشتی خوا بوون
سوورگوڵ دوو لە پنجی شا ڕوابوو
دوو خوشکی خوشیک و یەک برا بوو
دەتڕوانی ئەگەر لەسەر ڕوانگا
دوو ڕۆژت ئەدی بەدەوری مانگا
یەک پیاوی دەکوشت بە چاوی مەستی
ئەو ناوی نرابوو خاتوو ئەستی
ئیدی لە دڵ و هەناوی میر بوو
ئەو ناوی لە ناوی میر بوو
خۆت ڕەنگە بزانی ناوی زین بوو
بەس دیتنی زینێ دڵ تەزین بوو
یەک ناوی جوانی کەوتە شاران
گیانێ بوو ئیتر لە کۆڕی یاران
یەک گەندەمیی و یەکێ زەری بوو
یەک چەشنی فریشتە یەک پەری بوو
کەنگێ پەریی و فریشتە وا بوون
ئەم جووتە لە ڕۆشنی خودا بوون
هەرگیز کەسێ جوانی وای نەدیبوو
نەمزانی هەوێنی وان لە چی بوو
لاجانگ وەکوو زێو چەناگە وەک سێو
ئاونگی لە ئاوی ژین لەسەر لێو
سەرکوڵمە وەکی پەڕی گوڵی ئاڵ
چێنرابوو تیا دەنک دەنک خاڵ
تەنگی دەم و دەنگی پێکەنینی
بردیان بڕەوی بوتانی چینی
ڕەشماری کەزێ لە بەژن و باڵا
وەک هەورەڕەشێ لە ڕۆژ دەهاڵا
چاوێنیپەڕێن بوو دێڕی سەر ڕوو
چاڵی چەنەگەی پڕی لە جادوو
بۆنخۆشی وەنەوشە و گوڵی ئاڵ
پشکۆ بوو لە چوقڵی سەوڵ و شمشاڵ
سوورگوڵ لە سەری لکان ڕووا بوو
تاتای موو بەسەر یەکا ڕژابوو
ڕەشخاڵ وەکوو بەردی حاجییان بوو
ئەو کۆشکە حەجی ئەوان دەمان بوو
ئەبرۆ چ کەوانی بێگرێ و ڕێک
پەیکانی بژانگ، چ تیری دڵپێک
نازک بە لەش و هەڵۆ بە چاوان
تۆقیبوو دڵی دڵان لە تاوان
دایاننا ئەوانی مووقەڵێشن
هەر گۆشەیی چاوە، گیان دەکێشن
توێڵی سپی پەرچەمی ڕەش و کۆ
وەک باڵی پەری لە سووچی ئاسۆ
ڕۆژ کارەکەرێکی ناوچەوان بوو
لە جوانی بە پاس و دەرکەوان بوو
کێ کوڵمی دەدیتن و بنانگوێ
مردن بوو پەنای دەبردە بەر کوێ
گەردن وەکوو قومقمۆکی بادە
پڕ بێ لە گوڵاوی ڕوون و سادە
هەرکەس کە ببینێ پێی دەزانێ
سەرچاوەیی ئاوەکەی ژیانێ
سەرپەنجە و نەینوکی خەناوی
خوێنیان دەڕژا دڵان لە تاوی
دینی بەر و کەمبەری شل و مل
چاوی گەش و ڕوون دەکرد بەبێ کل
هەڵیان کە دەماڵی قۆڵ و بازن
جێدار بوو لەسەر جیهان بنازن
ئەو دوو گوڵە شۆخ و شەنگە جوانە
هاتبوونە جیهان هەواڵدووانە
هەرچەندە کە ئەستی نازەنین بوو
زین زۆرتری خوشکی، خوێنشیرین بوو
هی وان بوو جوانی گشتی شەشدانگ
ئەستێرە بوو ئەستی، زین وەکی مانگ
ئەستی وەکوو مانگ و زین وەکوو خۆر
چاوپیس و چنۆکی پێ دەبوو کۆر
ئەو هەر دوو وەکوو دوو شەوچراخان
کاتێ کە دەچوونە سەیری باخان
گیاندار دەچوو گیانیان بە تاڵان
گیا وو گژ و دار و بەرد دەناڵان
پەرچەم شەوەڕەش لەدەوری لاجانگ
شمشێری برۆ لەسەر لەتی مانگ
پەرچووکە لەسەر هەنێ بنەخشێ
کێ بێ دڵ و گیانی پێ نەبەخشێ
ڕازانەوەیان بە زێڕ و گەوهەر
لەرزانە و گۆبەرۆک و کەمبەر
ئەو لەنجەیی کۆتری بە سەد ناز
لەو جووتی بەژننەمامی چاوباز
پۆل پۆل کچی شۆخ لە دەور و بەریان
پیر، بۆ دڵ و دینی خۆ دەگریان
خواناس و مەلا و بەناو و بێ ناو
خونکارە، هەژارە، پیرە، یان لاو
کوانێ کە دڵی نەچێتە جوانی
نرخی کە نەزانی زۆر نەزانی
هێندێک دڵ و دین دەدەن بە تێکوڵ
هێندێ بە خودای چڵ و گوڵ و دڵ
دۆست هەر یەکە بەر دە شێوی شێوان
وەک تێکوڵ و کاکڵێکە نێوان

پەراوێز edit