شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: دیسان ڕانانی جوانی ئەو دوو چاوبازانە هێندەی کە خودای بە تاق و تەنیا پووڵ و شمەکی ڕژاندە دنیا قەیسەر هەچی بووی لە زێڕ و زێوان زۆرتر لە بژاردن و لە پێوان هەڵماس و گەواهێراتی قاقان تا دەچتە نەقێمەکەی سلێمان چی نرخی گرانە پێی دەزانی ناهێنێ کەمووسکەیەک لە جوانی ئەو جوانی لەڕووی ستی و زینێ دەریا بوو لە ئاگری ئەوینێ کاتێ کە دەکەوتە سەر شەپۆلان سەرڕێژی دەکرد لە گرد و گۆڵان بۆ هەرچی پڕیشکی خۆی دەپڕژاند سەد گیانی دەمەولەحاست دەبرژاند دارا و نەدار و کۆک، ڕەش و ڕووت ئەو دوانە کە هاتبان دەیان گوت جوان گەیونە یەکدی مانگ و خۆرن کڕیار ئەوە بۆیە هێندە زۆرن ڕاوکەر لە ڕێگەی ئەم ئاسکانە دڵبەستەیی ئەم دوو ناسکانە گەر بەور و پڵنگ و نێرەشێر بوو هەر ڕۆژی بەرێ بە ناڵە فێر بوو گریان بوو، هەرا بوو، ڕۆژ ئەگەر شەو هەرگیز نەدەهاتە خەونەوە خەو هەر جوانییە بێ بن و کەنارە دڵداری گەلێکە بێ ژمارە دڵدار هەیە مەردە گیان دەبازێ ئی واش هەیە وردەماچ دەخوازێ یەک یاری دەوێ لە بەزم و یاری یەک گیانی شیرین دەدا بە یاری لێومژتنە بۆ ستی و تاژدین خۆکوژتنە دێتە ڕێی مەم و زین ++++++++++++++++++++++