ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٤٢. ڕازی دڵداریی زین و مەم بە گوێی میر دەگات
شای پایەبڵندی خۆشەویستی
خونکاری جیهانی دڵپەرستی
ئەو سەروەرەی خێوی تەخت و بەختە
ونبوونی لە چاو شتێکی سەختە
وەک ڕۆژ کە لە عاسمانی چوارەم
لەم جێگە و ڕێگە دوورە هەردەم
بێ بەرگر و پەردە تیشکی داوێ
کام چاوە نەبینێ تیشکی تاوێ
دڵداری و خۆر وەکوو برانە
شێرانەوەیان گەلێ گرانە
تیژباڵ دەفڕن نێوانێ دەبڕن
لەمپەر دەپەڕێنن و پەردە دەدڕن
ڕازی دڵی زین نهێنیی مەم
هەر هێندە ژیا کە هاتە سەردەم
بلوێری شڕی زمانی ناساز
ئاوازێ دەدا لە چۆل و ڕێباز
لەو جووتە وەها بڵاو ببوو دەنگ
ببوە گەڕی کۆڕی بەزم و ئاهەنگ
لەو مۆم و پەپوولە بێ بڕەو بوون
بەر هەر وتوویرەیەک هەر ئەو بوون
وەک شەوچەرە بوو لە دیوەخانان
دڵخۆشکەرە بوو لەنێو جوانان
دووی دوور لە هەموو گوناه و سووچێک
ناویان چووە هەر کەلێن و سووچێک
هەر زارێ وەکوو بنێشتەخۆشە
دەیجوو لە هەموو کەنار و گۆشە
هەر ڕازێ کە جارێ کەوتە زارێ
وا بزانە کە کەوتە زاری شارێ
وشتر نە بەسی بوو بارگرانی
وا زەنگوڵەشی خرا ملانی
بێکار و زمانشڕ و نەزانان
منداڵ و ژنان لە دەرک و بانان
گفتیان گڕ و وڕ کە زۆر و کەم بوو
دڵپێکەوەبوونی زین و مەم بوو
ببوە سەر و بن لە بەند و بەیتان
تا تەنیەوە گەییە بەکرەشەیتان
دەستەوبەجێ ڕێ و ڕێ نەبوو گیر
نووک و بەدی نایە بەر دەمی میر
میر پرسی کە چۆن دەزانی وایە؟
بۆم دەربخە لەم گڵۆڵە تایە
بۆم ڕوون کەوە بیخەرە بناوان
چۆنی بگرین بە سووچ و تاوان
هاسانە، وتی بنێرەمەم بێ
تاق ببنەوە خۆت و ئەو لە یەکجێ
شەترەنجێ بکەن لە مەرجی دڵخواز
لێم ڕوونە کە دێنە ڕوو، ونی و ڕاز
دۆڕاندت و بردتەوە، لەجێوە
لێی پرسە بڵێ دڵت بە کێوە
ئازایە، نەترسە، پاڵەوانە
سینە و دڵی پاکژ و جوانە
دڵدارەکی ڕاست و بێدرۆیە
دەیڵێ کە دڵی لە خوشکی تۆیە
خۆت ئەو دەمە خێوی بیر و ژیری
خاوەن دەسەڵات و بەند و شیری
خونکار وەکوو ماری ژەهرەدارن
جوان دیاری دەدەن لەبن نەیارن
ماچت کە دەکەن، بترسە ژەهرە
زیانیان پترە لە سوود و بەهرە
خۆت تووخونی مار نەکەی کەم و زۆر
مار، مارە، چ زەر، چ ڕەش سپی و بۆر
هەرچەندە لەلای بە نرخ و نازی
پێک بێنی هەچێکی لێی بخوازی
تۆزێک لەگەڵت دڵی کە گۆڕا
جێت چا دەکرێ لە تەنگی گۆڕا
نەخوازە کە پیس و دووزمانیش
لای بن، چ دەکەی لە چنگ ئەمانیش
ئەی خوایە نەکەی نزیکی سەردار
نە پیاوی هەژار و پاک نە بەدکار

پەراوێز edit