ئەو جۆش و خرۆش و بەزم و ئاهەنگ
زۆرتر مەمی کرد زەبوون و دڵتەنگ
تاژدین دی کە مەم گەلێ کەساسە
لێی پرسی بە چاو، برا چ باسە؟
مەم دەستی لەژێر شمەک دەرانی
بسکی ڕەشی زینی دا نیشانی
پاپۆکەیەتی لەپشت مەمی ژار
جووتێ کەزی ڕەش وەکوو دوو شامار
دی کارەکە گەند و نالەبارە
بۆ ڕۆژی وەها برا بەکارە
هەر لاق و دەسێکی بوو بە باڵێ
هەرچی زووە خۆی گەیاندە ماڵێ
ئەستێ گوتی: ڕەنگ لە ڕوو نەماوی
کێت دوژمنە، چیتە داشڵەژاوی؟ !
تاژدین وتی: ماڵە دوژمنی من
کۆتێکە لە پیل و گەردنی من
سەرمایەیی گەورە و گرانم
بیبیلەیی هەر دوو چاوەکانم
مەم بوو، ئەو و زین لە گێژێ کەوتوون
سامانی مە، گەر نەچێ، ئەوان چوون
گەر ئاگرێ بەرنەدەینە خانوو
بۆ چاری ئەوان نەمانە بیانوو
ماڵ بۆ من و بۆ تۆ، کۆرپە ساوات
ئەم پیاوەتییەم دەویست بە ئاوات
بیستوومە کەسانی خانەسووتاو
ئاگر دەکوژێننەوە بەهۆی ئاو
من ئاوی بەڵادەری براگر
ئەمشەو دەکوژێنمە بە ئاگر
ماڵ ئاگری گرت لەسەر هەتا خوار
تاژدین ملی نا لە داد و هاوار
خزم و کەس و کار و هۆز و هاواڵ
یەکجێ هەموو بازی دا بەرەو ماڵ
هەرکەس کە لە باخ و سەرسەرا بوون
تاقێکی نەما بەرەو هەرا چوون
مەم موژدە دەدا بە زین کە تاژدین
بڕوانە کە چی لە بارە کردین؟
دەریای خەمی لێ وشک هەڵێناین
بە گڕێکی لە دۆژەهی دەرێناین
تۆ هەستە بچۆرە کۆشکی شایی
من تووڕ بدە ئاگری جودایی
تاژدین هەچی بووی هەمووی سەروبەر
لە شمەک، لە خشڵ، لە زێڕ و زەمبەر
لە پیاوەتییا کە گشتی دانا
ما ناوی نەمر لەڕووی جیهانا
لە دڵی خۆ دراو، دەراوێ کاکە!
کارت کە هەیە بە ناوی چاکە
قالۆچە وەکۆ دەکەن شیاکە
گەر پاکی، نەپاک لە خۆت جیا کە
بەختێ کە دراو ببەخشێ بێ خۆ
دەیبەن کەلەپوورگران، بەفیڕۆ
ئەو کاتە گیان دەچێتە باڵا
نە دراو، نە شمەک بە دەستی واڵا
بازاڕی ئەوێش وەک ئێرە وایە
هیچت نەبێ چت لە دەستی نایە
کەی نرخی بەهەشتە دوو وتەی ڕووت
کەی ڕێ هەیە بچتە پێشێ نابووت
خۆشیت گەرەکە لە ڕۆژی داوی
پێشبارێ بەڕێکە تاکوو ماوی
یان بەختی بکە لەڕێی هەواڵان
پاش مردنی خۆت دەچی بەتاڵان
تاژدینی چ خۆشە هەڵکەوێ بۆت
ناوێکی نەمر بسێنی بۆ خۆت
دەستت کەوێ دۆستی ڕاستەقینە
هێژای هەموو گەنجی سەر زەمینە