ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٤٠. میر و ڕاوکەر بەسەریاندا دێن
مەیگێڕ نەچی دەست لە ئێمە بەردەی
سەرخۆشم و مەست، بەڵان بەبێ مەی
مەستی کە گەییشتە نازەنینان
ورتاندی لە من دەمی برینان
هەرچەند بەڕواڵە مەیپەرەستین
ڕاستی بە مەیی ئەوینێ مەستین
سەوداگەر و مەستی دەستی تۆ نین
مەستی مەیەکی لەمێژ و کۆنین
ئەو مەی نە بە ڕەنگ و بۆ دیارە
ئەو مەی لە جوانی کردگارە
دڵمان بە خوداوە بەستراوە
هێشووی مە لە باخی ئەو چناوە
مەیگێڕ دە وەرە لەڕێی خودادا
بۆم تێکە، پەژارە دەین بەبا دا
لەو بادە کە دەتگەڕاند دوێنێ
سەرخۆشی هەتاهەتا دەمێنێ
بێهۆشی تێدا سەرەونخوونە
بە پڕیشکی دەروون هەمیشە ڕوونە
هەر تاقەقومێکی لێ بچێژم
یەکجاری خەم و خەیاڵ بنێژم
لادەم لە سەرم سەرێشی دوێشەو
وشیار بمەوە لە گێژیی و خەو
هۆشم لە دەسم نەچێ وەکوو مەم
مەرگم بەسەرا نەیە وەکوو هەم
ڕۆژی تەمەنم گەییشتە ئێوار
ئاگام نەبڕی لە خۆم بەیەکجار
هیوای دڵی ژار و هەرزەکارم
جێگایە هەبێ کە لێی وەشارم
ئێوارە کە میر لە ڕاو گەڕاوە
لەو باخە بە لەشکر و سوپاوە
فەرمووی بە هەواڵی دیوەخانێ
با داببەزین بدەین وچانێ
لێدە کەڕەنا و دەهۆڵ و شەیپوور
ئاهەنگ بگەڕێ بە ساز و سەمتوور
بەریاندەنە مێشە ئاسک و گۆڕان
بریان ببێ بۆ مە سینگی پۆڕان
هاوپیاڵە و بادەگێڕ نەکەن ڕەو
بەزمی مە لە کۆشکی باخە ئەم شەو
دیتیان دەر و پەنجەرەی لەسەر پشت
پرسیارێ دەهاتە سەر دەمی گشت
کێیە لە سەر و ژیان بووە زویر
پێی ناوەتە کۆشک و سەرسەرای میر
ئەو دڵتەڕ و دڵسووتاوی یەکتر
گیرۆدەیی بەند و داوی یەکتر
لەو بگرەوبەردە لەو هەرایە
لەو زرموکوت و زەنازەنایە
وشیار نەببوون، پێیان نەزانی
گوێبیست نییە مەستی کامەرانی
میر ڕاستەوەخۆ کەوتە شانشینێ
جێژوانی مەمی هەژار و زینێ
گوڕاندی کە کێ لە ژین بووە تێر
وێراویەتی پێ بنێتە جێی شێر؟
تاریک بوو نەکاری کەس ببینێ
کووژایەوە تیشکی کوڵمی زینێ
مەم چوە لە نوێنێ پاڵی داوە
زینیشی وەشارت لەژێر عەباوە
بە چرا دەر و ژوور کە ڕوون کراوە
بە کزێکەوە مەم وەرامی داوە:
بمبەخشە نەخۆش و بێ بڕستم
هیچ هێزی ئەوەم نییە کە هەستم
گەورەم تۆ دەزانی چەند نەخۆش بووم
تا دوێنێ بە دوور لە بیر و هۆش بووم
ئەمڕۆ کە ئەتۆ دەچوویتە ڕاوێ
من خۆم نەدەگرت لە جێگە تاوێ
مەم شۆڕەسواری پێشڕەوی میر
بێبەش بێ لە گەشت و ڕاوی نێچیر؟ !
سووتا جگەرم نەما سرەوتم
پەتیارە و شێت وەچۆڵێ کەوتم
شل بوو لەپڕێکی هێزی ئەژنۆم
خۆم دیتەوە وا لە باخەکەی تۆم
بێ ئەرکە نەخۆش وتی بە مەم، میر
تووشت نەبوو هیچ بە تووشی نێچیر؟ !
میرم! وتی: تووشی مامزێک بووم
چۆن مامزێ؟ تووشی دڵدزێک بووم
سەرمێگەلی پۆلی چاوکەژاڵان
ڕەوتی دڵ و هۆش دەبا بەتاڵان
بۆی خۆشی دەدا بە ئاسکی چینێ
چم دی! وەکوو من چ کەس نەبینێ
دەیڕوانی هەچەند بە نیوەئاوڕ
جەرگم دەتووا، دڵم دەبوو سڕ
پێم وابوو فریشتە بوو نە ئاسک
لەکوێ هەیە ئاسکی هێندەناسک!
پێش پێی تۆ لەناو هەمێزی من بوو
تۆ هاتیی و ئەو فریشتە ون بوو
تاژدین لە وڕێنەکانی زانی
زین گەیوەتە ئێرە بۆ ژوانی
مەم شێتە، وتی: هەڵەی بپۆشە
نازانێ دەڵێ چی، زۆر نەخۆشە
با لەو بگەڕێین ببێتە ئاهەنگ
با مەی بگەڕێت و دەنگ بدا چەنگ
با تاوێ بە بادە سەرگەرم کەین
بۆ دەردی ئەوین دڵێ نەرم کەین

پەراوێز edit