شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: ڕازی دڵداریی زین و مەم بە گوێی میر دەگات شای پایەبڵندی خۆشەویستی خونکاری جیهانی دڵپەرستی ئەو سەروەرەی خێوی تەخت و بەختە ونبوونی لە چاو شتێکی سەختە وەک ڕۆژ کە لە عاسمانی چوارەم لەم جێگە و ڕێگە دوورە هەردەم بێ بەرگر و پەردە تیشکی داوێ کام چاوە نەبینێ تیشکی تاوێ دڵداری و خۆر وەکوو برانە شێرانەوەیان گەلێ گرانە تیژباڵ دەفڕن نێوانێ دەبڕن لەمپەر دەپەڕێنن و پەردە دەدڕن ڕازی دڵی زین نهێنیی مەم هەر هێندە ژیا کە هاتە سەردەم بلوێری شڕی زمانی ناساز ئاوازێ دەدا لە چۆل و ڕێباز لەو جووتە وەها بڵاو ببوو دەنگ ببوە گەڕی کۆڕی بەزم و ئاهەنگ لەو مۆم و پەپوولە بێ بڕەو بوون بەر هەر وتوویرەیەک هەر ئەو بوون وەک شەوچەرە بوو لە دیوەخانان دڵخۆشکەرە بوو لەنێو جوانان دووی دوور لە هەموو گوناه و سووچێک ناویان چووە هەر کەلێن و سووچێک هەر زارێ وەکوو بنێشتەخۆشە دەیجوو لە هەموو کەنار و گۆشە هەر ڕازێ کە جارێ کەوتە زارێ وا بزانە کە کەوتە زاری شارێ وشتر نە بەسی بوو بارگرانی وا زەنگوڵەشی خرا ملانی بێکار و زمانشڕ و نەزانان منداڵ و ژنان لە دەرک و بانان گفتیان گڕ و وڕ کە زۆر و کەم بوو دڵپێکەوەبوونی زین و مەم بوو ببوە سەر و بن لە بەند و بەیتان تا تەنیەوە گەییە بەکرەشەیتان دەستەوبەجێ ڕێ و ڕێ نەبوو گیر نووک و بەدی نایە بەر دەمی میر میر پرسی کە چۆن دەزانی وایە؟ بۆم دەربخە لەم گڵۆڵە تایە بۆم ڕوون کەوە بیخەرە بناوان چۆنی بگرین بە سووچ و تاوان هاسانە، وتی بنێرەمەم بێ تاق ببنەوە خۆت و ئەو لە یەکجێ شەترەنجێ بکەن لە مەرجی دڵخواز لێم ڕوونە کە دێنە ڕوو، ونی و ڕاز دۆڕاندت و بردتەوە، لەجێوە لێی پرسە بڵێ دڵت بە کێوە ئازایە، نەترسە، پاڵەوانە سینە و دڵی پاکژ و جوانە دڵدارەکی ڕاست و بێدرۆیە دەیڵێ کە دڵی لە خوشکی تۆیە خۆت ئەو دەمە خێوی بیر و ژیری خاوەن دەسەڵات و بەند و شیری خونکار وەکوو ماری ژەهرەدارن جوان دیاری دەدەن لەبن نەیارن ماچت کە دەکەن، بترسە ژەهرە زیانیان پترە لە سوود و بەهرە خۆت تووخونی مار نەکەی کەم و زۆر مار، مارە، چ زەر، چ ڕەش سپی و بۆر هەرچەندە لەلای بە نرخ و نازی پێک بێنی هەچێکی لێی بخوازی تۆزێک لەگەڵت دڵی کە گۆڕا جێت چا دەکرێ لە تەنگی گۆڕا نەخوازە کە پیس و دووزمانیش لای بن، چ دەکەی لە چنگ ئەمانیش ئەی خوایە نەکەی نزیکی سەردار نە پیاوی هەژار و پاک نە بەدکار ++++++++++++++++++++++