ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٢٨. زین دەگەڵ پەژارەدا داخێوێ
ئەیگوت بە خەم، ئەی هەواڵی ژاریم
فریاڕەسی زام و دەردی کاریم
پۆشاکی نەدار و خاکەساران
خۆراک و بژیوەکەی هەژاران
هاوڕاز و نیازی دەردەداران
هاودەنگی نەخۆش و لەشبەباران
پێخۆری لەبەر دەمی گەدایان
هاوپیاڵەیی کۆڕی بێنەوایان
دڵدارە بە تۆ دەگاتە دڵبەند
دەروێش دەبەیە نزیک خوداوەند
تۆی لێ نەبی دڵ وێرانەماڵە
بیابانێکی قاقڕ و کڕاڵە
لێی دەرمەکەوە دەری ببەستە
هی خۆتە کلیلەکەت بەدەستە
خەم بۆیە بەنرخە، بۆ هەواڵی
جێت نایەڵێ یارە ڕۆژی تاڵی
شادی چییە؟ یاری جاری خۆشە
خەم دۆستی دڵی کز و پەرۆشە
خەمخۆری کە نەکرێ لەم جیهانە
تێکچوون بەشی هەرد و عاسمانە
دڵ هۆگری تۆیە ئەی خەمی دڵ
بێ گەنجی تۆ، دڵ چییە؟ کەمێ گڵ
جارجارە کە زۆر دەکەوتە پەستی
بەگلەییەوە ڕووی دەکردە ئەستی

پەراوێز edit