ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
٢٩. سکاڵای دوور لە دوور لەگەڵ خوشکیا
ئەی هێزی گیان و تیشکی چاوم
فێنکاییدەری گڕەی هەناوم
هاوهێلکە و هاوهێلان و هاونوێن
هاوباڵ و پەڕ و ڕەگ و دڵ و خوێن
هاوشادیی و هاونیاز و هاوناز
هاوگاڵتە و بازی، یار و هاوڕاز
ئاکاری مە وەک یەکە، بەڵان بەخت
بۆ تۆ شلی گرتووە بۆ من سەخت
بۆ تۆ دەسەمۆ، لە من چەمووشە
بۆ تۆ گوڵە بۆ مە دڕک و پووشە
ئەستێرەیی تۆ هەڵاتووە گەش
بۆ بەختەوەریت نە بۆ مە هاوبەش
لەو خودایە گەلێک سوپاسگوزارم
لەو بەختەڕەشەم نەبووی بە یارم
چارم چییە خوایە بۆم دەنێرێ
کێی وایە بە بەختی ڕەش بوێرێ
تاژدین بەشی تۆیە شادی هەردەم
ئەمنیش بەشی خۆم هەیە خەم و مەم
چۆن مەم بە هەواڵی خەم دەزانم
پێم خۆشە کە هاودەمی خەمانم

پەراوێز edit