شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: زین دەگەڵ پەژارەدا داخێوێ ئەیگوت بە خەم، ئەی هەواڵی ژاریم فریاڕەسی زام و دەردی کاریم پۆشاکی نەدار و خاکەساران خۆراک و بژیوەکەی هەژاران هاوڕاز و نیازی دەردەداران هاودەنگی نەخۆش و لەشبەباران پێخۆری لەبەر دەمی گەدایان هاوپیاڵەیی کۆڕی بێنەوایان دڵدارە بە تۆ دەگاتە دڵبەند دەروێش دەبەیە نزیک خوداوەند تۆی لێ نەبی دڵ وێرانەماڵە بیابانێکی قاقڕ و کڕاڵە لێی دەرمەکەوە دەری ببەستە هی خۆتە کلیلەکەت بەدەستە خەم بۆیە بەنرخە، بۆ هەواڵی جێت نایەڵێ یارە ڕۆژی تاڵی شادی چییە؟ یاری جاری خۆشە خەم دۆستی دڵی کز و پەرۆشە خەمخۆری کە نەکرێ لەم جیهانە تێکچوون بەشی هەرد و عاسمانە دڵ هۆگری تۆیە ئەی خەمی دڵ بێ گەنجی تۆ، دڵ چییە؟ کەمێ گڵ جارجارە کە زۆر دەکەوتە پەستی بەگلەییەوە ڕووی دەکردە ئەستی ++++++++++++++++++++++