ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
١٨. تایەن دەچتە کن نوشتەنووس
پیرێژنی سەلکەتەپڵەگوێنی
بوولێڵە کە دەرکەوت نهێنی
خۆی کرد بە کوڵیتی جادووێکدا
تۆرتۆی دەمی سەلم و تووری لێک دا
من بێوەژنێکی بێ پەسیوم
بێ خانە و لانە و بێ بژیوم
پەرژینێ بەگوڵ بێ دوو کوڕم هەن
دووی بێکەسی زۆر شڕ و وڕم هەن
ئەوڕۆژە کە ببوە جێژنی سەرساڵ
خۆت ڕەنگە بزانی چۆنە منداڵ
چووبوونە گەڕانی چۆڵ و دەشتێ
تووش بوون بە ڕمووزنان لە گەشتێ
هاتوونەوە شێت و ڕەنگبزڕکاو
نە شتێکی دەخۆن نە لێک دەنێن چاو
بێ هۆش و زمان، لەجێوە کەوتن
نەمماوە حەسانەوە و سرەوتن
دوو مێنەکەیان لە دەستی ناون
دەسیان لێ وەشاوە ئەنگواون
بڕوانە چییە؟ بڵێ بزانم
دەردت لە کزەی دڵ و گیانم
فێدارییە، شێتییە، دڵ ئێشە
چارەم بە چییە و چ ڕێم لە پێشە
هەرچی هەیە لەم دووانەڕایە
ئاڵە و شەوە دەستییان تیایە
خێویان چ مرۆ، چ خێو و دێون
پێمی بڵێ کێن، چن و چ نێون؟

پەراوێز edit