ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
١٧. سەرگەردانیی تایەن لەم وتانە
دایەن سەری سووڕ بوو لەم وتانە
ڕووی کردە کچان وتی: چتانە؟
چۆن ئێوە نەچوون بە تیلی چاوان
کوڕ ڕاوکەن و دڵ بەرن لە لاوان؟ !
بۆخۆ کچ و کچ دەبن بە یاروو؟
لام وایە شڵۆقە کار و باروو
دڵداری کچان لە ئێوە نایە
کەس ناچتە سەمایە بەو هەوایە
پێویستە کچان بە کوڕ بنازن
لاویش گەرەکە کچان بخوازن
بێهوودەیە کچ لە کچ کە جووتە
لاو، لاوی بوێ لە هۆزی لووتە
کچ سوورگوڵی دەسچنی خودایە
کوڕ ئاوی ژیانە، ژینی لایە
کوڕ خوێن و کچیش لەشن هەتا جوێن
بێ خوێن لەشن و لەشانی بێ خوێن
تا بێ کچە کوڕ، شەوە بەبێ مانگ
تا بێ کوڕە کچ، نوێژی بێ بانگ
کچ بۆ کچی چۆن بە هاوسەری بێ؟
جا با کچی پاتشای پەری بێ!
گەر گوڵ لە گوڵان ببن بە دڵدار
با خۆڵی وەسەر بێ بولبولی ژار
خوسرەو کە نەبا سواری شەودێز
شیرن لە شەکر دەبوو بە پەروێز؟
فەرهاد و شیرین ئەگەر نەبوونا
ڕووشێک نەدەهات بە بێستوونا
ئەو گش کوڕ و کاڵە هەن لە شارا
بەگزادە و سادە، ساز و دارا
چوون و دڵوو دا بە دوو کچۆڵان
چڵکاوچڵەپێنی دەرک و کۆڵان
بێ ناوونیشان و کەسنەناسان
کارێکە نە هێندە سووک و هاسان
من دێمەوە هیچ مەبن هەراسان
خەو دیتەن و هێشتە هەر لە تاسان
ئەو چەڵتەچەڵت کە گەییە گوێی زین
تێی ڕاخوڕی: بەسیە پیری سەرشین!
نازانی دەڵێی چی کۆنەفەرتووت
هۆشت نییە چی دەڵێی و چت گوت
نەتوت کە قوم و گڵی بەبا کەی
پێت دەکرێ نهێنی ئاشکرا کەی؟
ئێستاکە دەڵێی خەیاڵ و خەونە
بیرت وەکوو خۆت ڕزیو و کەونە
ئەو جووتە، فریشتە یان پەری بوون
کچ یان کوڕ و کێ و کوێندەری بوون
دیومانن و دەشتەوێ نیشانە
ئەنگوستیلەیان لە پەنجەمانە
گەر جادووگەریت نە هەر زمانە
بیانبینەوە خێوی کلکەوانە
پیرێژنی زماندرێژ و جادوو
دەرخەن لەدەس! و گوتی: دەجا زوو
تا ڕۆژ ئەوە دەست بە دەسنوێژم
خەو ناچەژم و قومێ دەپێژم
خێو یان چ پەری و چە دێو و خێوە
دەیناسم و پێو دەڵێم لەڕێوە
گورجێ ستێ دایە هەنگولیسک
زین دادی دەدا دەگەڵ هەنیسک
پاڕاوە لە تایەنێ بە گریان
لێم دوور بێ جگەر دەبێتە بریان
گۆمێکە لە خوێن دڵی هەژارم
هەرچەندە بڵێی ئەوەند پەژارم
ئەوکاتە کە گێژی دڵ دەجۆشێ
گیانم بەرەو چوونەدەر دەکۆشێ
فێنکی کوڵی دڵمە ئەو نقیمە
لێم ون بێ جگەر دەبێتە قیمە
سوێندت بە خودا دەدەم گەلێ زووم
بۆ بێنەوە، تاکوو بۆی نەمردووم

پەراوێز edit