ئاڵەکۆک

هەژار موکریانی add_a_photo
هەژار وەرگێڕانی مەم و زین
١٦. زین و ئەستێ بە چ دەردێ چووبوون؟
هەر چوونەوە ماڵێ بەو جلانە
ڕووت بوونەوە ئەو کەمەرشلانە
هەرچەندە جل و شمەک کە گۆڕان
چۆن دێنەوە ڕەنگ و دڵ کە دۆڕان؟
دڵداری لەناو دڵان خزیبوو
گوڵ ڕەنگی لە کوڵم و لێو دزی بوو
کەس نەیدەگوت ئەو ستێ و زینن
پێت وابوو کە خەڵکی ژێر زەمینن
پیرێژنی دێوی ئەم جیهانە
تایەن بوو لە کۆشکی ئەم کچانە
فەرهادکوژەکەی لەلا تکێک ئاو
گەڕبازی بەناو حەیزە بوون ناو
ئەو هات بەسەرا لەوان دەماندا
چاوێکی خشاند بە ڕووی کچاندا
دیتی، چ ببینێ؟ دووی کز و لات
ئەی خوایە ئەمانە چییان بەسەر هات
وا ماتی خەیاڵ و دوورەئاگان
بەرچێڵە ونی دەکا چەناگان
ڕووی ڕۆژ چییە، بوونە مانگی یەکشەو
چاوباز کڕن ئەمڕۆ بوونە مێکەو
خوێن بوونەتە بەفری تازەباریو
یاقووتی دوو لێو سپین وەکوو زیو
کوا کاتە کە زەرد ببن گوڵی سوور؟ !
دەک ڕۆڵە لە چاوی پیس و بەد دوور!
ئەی هێزی دڵ و کزەی هەناوم
هەریەک لەوە ڕۆشنایی چاوم
پارێزەری ئێوە هەر خودا بێ
باڵا و هەموو کاتێ بێ بەڵا بێ
وا ئێوە ئەوەند لە بەند و بەرچاو
چۆن چوونە دەرێ بەجووتە بۆ ڕاو؟ !
چۆن وا زوو گەڕانەوە بەرەو ماڵ؟
چۆن سەیرو نەکرد لە جێژنی سەرساڵ؟
بێژن شتەکە چییە و چ ڕەنگە؟
سەرگێژییە یان خەیاڵی بەنگە!
گیران بە چ داوێ؟ چۆن تەلێکە؟
هۆی ئاگرە هەرچی دووکەڵێکە
دەنگێ بکەن و نەکەن کچانم
من بۆخۆ هەموو شتێک دەزانم
قوومێکی دەپێژم و دەڕێژم
چوو دیوە لەڕێوە پێو دەبێژم
شیشۆقە و موروو تێکەڵاو کەم
چیتان لە دڵایە لێو بڵاو کەم
گوتییان بەدزی بە پیرەزاڵێ:
لەو کاتەوە چووینە دەر لە ماڵێ
هەرکەس کە دوچاری ئێمە بوو زوو
شێت بوو، دڵ و هوشییان لە دەس چوو
ئەم زۆرییە زۆرە هاتە ڕێمان
پێوەندی ئەوینێ هاتە پێمان
شێت بوون بەمە و دای لە سەریان
ئێمەش ئەوە بووینە شێتی پەریان
هەر بیستی لەمان، ئەمانە دایە
لووسایی زمانی کەوتە کایە
چاومەس، دەسەروو گەڕێم هەزارجار
ئێوەی کچی پاتشان و خونکار
کێ بێ کە ببێ لە ئێوە بێ باک
کێ بێ کە نەدات بە ئێوە پیتاک
دەستان کە بە دەستی هەرکەسێ دا
دەیدا سەر و گیان و دڵ لە ڕێدا
نەخوازە کە ئێرەیی بێ دڵدار
من بیگەمێ ئێستە دێتە بەر بار
کام داری بڵیندە دایدەهێنم
هەر شێتی دەکەم دڵی دەسێنم
وتییان هەموو وایە هەرچی دەیڵێی
ناسراوی لە لانی ئێمە، تۆ کێی
دەرمانی برینی «سە»ت لەدەست دێت
شەرمێکە دەمانگرێ بڵێین پێت
دەردی مە گەلێک بە ئێش و ئۆیە
ڕێ کوێرە بە دڕکە، پڕکڵۆیە
چەندەی هەیە کیژ و کوڕ لە بۆتان
چەندهێندە کە ناو براوە بۆتان
هەرکەس بە جوانی ناوی داخەن
نووسراو لە سیایی ئێمەدا هەن
لەم شارە هەچێکی مەستەچاون
دیومانن و گشتی ناسراون
ئیمڕۆکە دوو کچ بە ئاڵ و واڵا
وەک یەک بە شمەک بە ساڵ و باڵا
دوو ڕۆژ کە هەڵێن بزانە هەو بوون
هەنیان وەکوو مانگی چاردەشەو بوون
تووشیان بوو بە تووشمان لەناکاو
چۆن دڵ نەپەڕێت و ئاو نەکا چاو
هەر چووینە نزیکی وان بە دیمەن
دیمان نە لە ئاو و گڵ وەکی مەن
وەدیارە فریشتە یان پەری بوون
دوو سێوی بەهەشتی داوەریبوون
ئەو بۆ مە بەجووتە کەوتنە داوان
ئێمەش ئەوە شێت دەبین لەتاوان
ڕوومان وەکوو مانگ و ڕۆژێ وا بوون
ئەو ئاوێنەیەکی ڕوونوما بوون
ئەو شووشە ئەمیش چرای بەرانبەر
تیشکی مە گەڕاوە بۆ مە لەو سەر
شۆقێ کە گەڕاوە دای لە ئێمە
تاواندی دڵی مە های لە ئێمە
سەرکوڵمی مە ئاگری بەگڕ بوون
ئەو وەک دوو چرای لە ڕۆنی پڕ بوون
گڕ گرتیی و کەوتە هەر دوو لامان
دڵ بۆتە مەکۆی برین و زامان
سووتاین گش و ئێستە کۆی زوخاڵین
لات وایە کە نوقمی ناو خەیاڵین؟ !

پەراوێز edit