شاعیر: هەژار کتێب: وەرگێڕانی مەم و زین سەرناو: تایەن دەچتە کن نوشتەنووس پیرێژنی سەلکەتەپڵەگوێنی بوولێڵە کە دەرکەوت نهێنی خۆی کرد بە کوڵیتی جادووێکدا تۆرتۆی دەمی سەلم و تووری لێک دا من بێوەژنێکی بێ پەسیوم بێ خانە و لانە و بێ بژیوم پەرژینێ بەگوڵ بێ دوو کوڕم هەن دووی بێکەسی زۆر شڕ و وڕم هەن ئەوڕۆژە کە ببوە جێژنی سەرساڵ خۆت ڕەنگە بزانی چۆنە منداڵ چووبوونە گەڕانی چۆڵ و دەشتێ تووش بوون بە ڕمووزنان لە گەشتێ هاتوونەوە شێت و ڕەنگبزڕکاو نە شتێکی دەخۆن نە لێک دەنێن چاو بێ هۆش و زمان، لەجێوە کەوتن نەمماوە حەسانەوە و سرەوتن دوو مێنەکەیان لە دەستی ناون دەسیان لێ وەشاوە ئەنگواون بڕوانە چییە؟ بڵێ بزانم دەردت لە کزەی دڵ و گیانم فێدارییە، شێتییە، دڵ ئێشە چارەم بە چییە و چ ڕێم لە پێشە هەرچی هەیە لەم دووانەڕایە ئاڵە و شەوە دەستییان تیایە خێویان چ مرۆ، چ خێو و دێون پێمی بڵێ کێن، چن و چ نێون؟ ++++++++++++++++++++++