ئاڵەکۆک

جەلال مەلەکشا add_a_photo
جەلال مەلەکشا شیعرەکان
٨. کوردستانم بۆ بێنەوه
که خۆم ناسی
وتم: دایه ئەمن کێم و چیم؟
خەڵکی کام شار کام وڵاتی سەر زەویم؟
وتی رۆڵه:
تۆ کوردی و دیل و هەژاری
نیشتیمانت کوردستانه
به لام ناوی نیشتیمانت له سەر نەخشەی
جوگرافیایی جیهان نییه بێ نیشانه
وتم: دایە باوکم کوانێ؟
بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟
بە کام تاوان من هەتیوم؟
وتی: ڕۆڵە ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتاند
تفەنگی مافی کردە شان
ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی
لێزمەی خوێنی گەشی لەشی
بە سەر لێوی خاکا پژاند
وتم: دایە ئەی براکەم؟
شەپۆلی خەم ئاوی ماتەم
گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک
وتی: ڕۆڵە لە کازیوەی وەرزی ڕەشا
لاشەیان کردە نیشانە
سەری کاسی خەمەکانی بردە ژێر خاک
گیانی پاکی کردە فیدای، سەربەستی ئەو کوردستانە
وتم: دایە ئەی من چ بکەم
هەستا سەر پێ
تفەنگێکی بڕنۆ کورتی بزمار ڕێژی دایە دەستم
وتی: ڕۆڵە هەی هۆی ئاوات و مەبەستم
دەیان ساڵە لە چوار لاوە کوردستان دیل و یەخسیرە
دەست و پێی زەنجیر کراوە
ڕێبازی خوێن بگرەو و بڕۆ
دۆعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ
سنوورەکان بشێوێنە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با بە دەوریا بسووڕمەوە
کوردستانم بۆ بێنەوە
با دانیشم لەتە لەتە وڵاتەکەم بدورمەوە
نووسین: حەمەی لەیلا

پەراوێز edit