شاعیر: جەلال مەلەکشا کتێب: شیعرەکان سەرناو: کوردستانم بۆ بێنەوه سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا که خۆم ناسی وتم: دایه ئەمن کێم و چیم؟ خەڵکی کام شار کام وڵاتی سەر زەویم؟ وتی رۆڵه: تۆ کوردی و دیل و هەژاری نیشتیمانت کوردستانه به لام ناوی نیشتیمانت له سەر نەخشەی جوگرافیایی جیهان نییه بێ نیشانه وتم: دایە باوکم کوانێ؟ بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟ بە کام تاوان من هەتیوم؟ وتی: ڕۆڵە ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتاند تفەنگی مافی کردە شان ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی لێزمەی خوێنی گەشی لەشی بە سەر لێوی خاکا پژاند وتم: دایە ئەی براکەم؟ شەپۆلی خەم ئاوی ماتەم گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک وتی: ڕۆڵە لە کازیوەی وەرزی ڕەشا لاشەیان کردە نیشانە سەری کاسی خەمەکانی بردە ژێر خاک گیانی پاکی کردە فیدای، سەربەستی ئەو کوردستانە وتم: دایە ئەی من چ بکەم هەستا سەر پێ تفەنگێکی بڕنۆ کورتی بزمار ڕێژی دایە دەستم وتی: ڕۆڵە هەی هۆی ئاوات و مەبەستم دەیان ساڵە لە چوار لاوە کوردستان دیل و یەخسیرە دەست و پێی زەنجیر کراوە ڕێبازی خوێن بگرەو و بڕۆ دۆعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ سنوورەکان بشێوێنە کوردستانم بۆ بێنەوە با بە دەوریا بسووڕمەوە کوردستانم بۆ بێنەوە با دانیشم لەتە لەتە وڵاتەکەم بدورمەوە ++++++++++++++++++++++