ئاڵەکۆک

ناسیح ڕەحیمی add_a_photo
ناسیح ڕەحیمی دیوانی شیعر
٤٢. قاوەی کوردی
زوڵفەکەت گەرچی ڕەشە، ڕەنگی عەزاداری نییە
گەرچی لێوت سووری سوورە، باسی خوێنخاری نییە

با لە کافەی جوانی تۆدا، تامی شیرینێ بخۆم
کوردە قاوەی چاوەکانت، تۆمی تاتاری نییە!

من هەنارێ دڵشکاوم، ئەو دەروونم دیارییە
تۆم نەبێت و نەمرم ئەمڕۆ، دەردەکەم کاری نییە... !

[لادە چارشێوی ڕەشت با دەر کەوێ کوڵمی گەشت]
چوون حەشاری ڕوومەتی جوان، قەت حەیاداری نییە!

نامرم تا نەبمە شێعری دەستەئەژنۆی بەر دەمت
دڵ وشەی ناداتە هەرکەس، بۆیە دڵداری نییە!

وایە بارانێ ئەوارێ و دڵ لە سەر خۆ شاد ئەبێ
بۆنی باران شێت ئەکات و شێت دڵی زاری نییە

چارەنووس هات و وتی پێم قسمەتی تۆ، ئەو نییە
زللەیێکم لێ بدە و بێژ، خەونە بێداری نییە!

دیتنت گەر مردنم بێ، سەد کەڕەت خۆم دار ئەدەم
ترسی مەرگیش نام ڕفێنێ! ناسحە و چاری نییە!
نووسین: ناسیح ڕەحیمی

پەراوێز edit