ئاڵەکۆک

ناسیح ڕەحیمی add_a_photo
هاوارە بەدەم باران، چاو کەوتە دەواری هیچ
فرمێسکە لە ناو چاوان، دڵ بووگە خوماری هیچ

ئەم وەرزە نەشێواوە، دەستی بە شەماڵ داوە
ئەمشەو لەگەڵی عەشقا ئەڕوێنە بەهاری هیچ

بۆچی لە خەیاڵی خۆم، ناوی دەمەکەت بێنم
کاتێ کە خەزان ئەڕژێ، لەو لێوە بە باری هیچ

ئەم ڕۆژە درۆ ئەکرێ، عەشقیش دڵی مەرگ ئەگرێ
لەم بازنەیی ئیمانە، شێوانە لە چاری هیچ

تا شێعرێ بکێشم بۆت، سەد هیچ لە دڵ ئەدرێ
تەسویرێ لە شێعری من، ڕێژاوە لە زاری هیچ

تا سەد کەڕەتیش بێمۆ، هەر دەبمەوە هیچ، دنیا
ئەم ژینە چییە قوربان؟ پەروازە لە شاری هیچ

ناسیح چییە لەم دنیا، مانای هەیە بۆت بیڵێ
یەکجار ئەڵێم مردن، سەدجار کەناری هیچ

ئەم هیچە بمێنێ بۆم، هیچم لە ژیان ناوێ
ئاخر من و هیچ لێرە، کەوتینە ژیاری هیچ
نووسین: ناسیح ڕەحیمی

پەراوێز edit