ئاڵەکۆک

ناسیح ڕەحیمی add_a_photo
ناسیح ڕەحیمی دیوانی شیعر
١٢. شەرعی عاقڵ
پێم وتی ماچم ئەوێ، چاوەکەم لەو لێوی تۆ
تۆ وتت نامەحرەمی، بۆ گونەحبارم ئەکەی؟

مەحرەم و نامەحرەمی، باسی شەرعی عاقڵە
ناوی عەشقت لێ ئەبەم، بۆچی دیندارم ئەکەی؟

تۆ مەگەر نازانی من، شێخی سەنعانم لە بۆت؟
شاعیری مەستی لەبم، بۆچی بێدارم ئەکەی؟

بانگی نوێژی دا مەلا، من بەرەو ڕووت هەڵگەڕام
بوتپەرەستی عابدم، بۆچی قەرزارم ئەکەی؟

قەرزی نوێژ و قەرزی دین، گشتی چارەی دێ گوڵم
چاری نایە قەرزی دڵ، بۆچی دڵزارم ئەکەی؟

من نیازی نازی تۆم، تۆ نەزانی بۆ نیاز
نازی لێوانم ئەوێ، بۆچی خەمبارم ئەکەی؟

تۆ ئەزانی چاوەکەت، چەندە تامی عەشق ئەدا؟
بۆتە نووسراوەی دڵم، بۆچی بێزارم ئەکەی؟

ناسحی شێت بۆ دڵی، باسی عەشقی تۆ ئەکا
ئەم ئەوینە خۆرە بۆم، بۆ لە ڕۆژگارم ئەکەی؟
نووسین: ناسیح ڕەحیمی

پەراوێز edit