ئاڵەکۆک

مەلا عەبدوڵڵا ئەفزاری add_a_photo
ئەفزاری دیوانی شیعر
٥. گێژی خەتەر
وەرە دەستم بە داوێنت کە تۆ تەنیای و من تەنھا
سەیر کە ناڵەناڵی دڵ لە بۆ تۆ دێ لە ھەر شەودا

دەسووتێ، دوکەڵی لێ دێ دڵم وەک ئاگری (نمروود)
بە شێتی ھەر وەکوو مەجنوون کە مەشھوورم لە عالەمدا

لە بۆ من ئەگەر مابێ لەلای تۆیە دەرووی خێری
نەکەی ڕوو وەربگێڕی لێم بە ناھەق شۆخی بێ ھاوتا

لە دووری تۆ غەریقی ئەشکی خوێناوم منی حافز
ئیتر کاتی وەیە ڕەحمێ بکەی پێم دڵبەری ڕەعنا

لە ڕوو لادە سەری زولفت ببینم خاڵی ڕوخسارت
بدە ماچێ، بەڵاگەردانی باڵات بم منی شەیدا

ئەوندەم ڕشتووە بۆ تۆ لە چاو ئەسرینی خوێناوی
نە دەنگم دێ بکەم زاری نە ھۆش ماوە لە کەللەمدا

ھەتا ماوم و نە سووتاوم بە ئاھی سینەکەی داخم
ئەوە ئینساف نییە بۆ تۆ لەلام جارێ نەبی پەیدا

وەرە چی دی مەدە تەفرەی دڵی بێ ھێز و ناکامم
لە دەینم خۆ بپارێزە دەیندارم دەبی فەردا

کە دڵ چڕژا بە ئەڵماسی مژۆڵی چاوی خوێنڕێژت
چییە با زولفی ڕەشمارت تەنافی کوشتنم ھەڵدا

بە بێ تۆ ژینی (ئەفزاری) لەناو گێژی خەتەر دایە
دەچی دی پێم مەدە ئازار دەسا سوێندت ئەدەم بە خودا
پیرانشار
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit