ئاڵەکۆک

مەلا مارف کۆکەیی add_a_photo
مەلا مارف کۆکەیی دیوانی مەلا مارف کۆکەیی
١٨. لە شەوقی نیشتمان و شۆعلەی ئەستێرەی گەلاوێژە
لە شەوقی نیشتمان و شۆعلەی ئەستێرەی گەلاوێژە
برینی ڕووح و قەلب و قالبم فیلجوملە ساڕێژە

ئەگەر باوەڕ دەکەن یاران! سەدای تەپڵی بەشارەت دێ
مەڵێن ئەم شاعیرە دێوانەیە، یا شێتە، یا گێژە

دەڵێن ئەو کاروانەی قافڵەی کوردی وەپاش کەوتۆ
کەمی ماوە نەجاتیان بێ، لە ئەم ھەوراز و ئەم لێژە

برا! گەردەنکەچی و مەحکوومی خۆراکێکە ژەھراوی
دەخیلت بم نەچی بیخۆی، بڕۆ تێیھەڵدە، بیڕێژە

لە میوەی باخی ئازادیی کەسێ بخوا دەکا تەسدیق
کە میوەی جەننەتە ھاتۆتە دنیا، ھەستە بیچێژە

کەسێ مونکیر بە ئازادیی و بە ئیستیقلالی میللەت بێ
بە سووڕەت زیندووە، دڵمردووە، بینێرە بینێژە

کەسێکی ھەر تەرەققی شەخسی خۆی مەنزوور و مەتڵەب بێ
بە سووڕەت گەرچی گوێکورتە، بەڵام بێچارە گوێدرێژە

خوداوەندا! بەحەق و حورمەتی خاسانی دەرگاھت
ئەوانەی ڕوو بە قیبلەن، دائیمەن دەستیان بە دەستنوێژە

کەسێ حیفزی حقووقی میللەتی مەنزوور نەبێ، ڕەببی
کەڕ و لاڵ بێ لە پاش کوێریی، بە خروێکە و بە سوورێژە
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit