ئاڵەکۆک

مەلا مارف کۆکەیی add_a_photo
گوێ شل کە برا لەم غەزەلە، نسحەت و پەندە
وا تێمەگە بەیتی بلەیە، مەیکە بە خەندە

ڕووحم بە فیدای ئەو کەسە میللەت دەپەرەستێ
بێزارە لە مەحکوومی به ئازادی پەسەندە

هەرکەس کە لەگەڵ میللەتی خۆی نییەتی چابێ
زاتێکە کە عالی نەسەبە و فیکری بڵندە

ئەم میللەتە مەحروومە لە ئازادی و شادی
ئاوارە لە بووم و وەتەنن بوونە پەڕەندە

دەخولێنەوە سەحرا و دەر و دەشت و بیابان
وەک غولی بیابانی و حەیوانی چەڕەندە

قسمێکی وەکوو عەقرەب و وەک مار و ڕوتەیلە
مەیلی لە گەزینە وەکوو حەیوانی گەزەندە

باعیس ئەمەیە بێ کەس و سەردار و ڕەییسن
هەر بۆیەشە ئەو ئیشە کە گەندیدە و گەندە

گەر موتتەفیقەن دەس بدەنێ نەیکەنە قەڵسی
یەک قووەتی پێ لازمە ئەم بەند و کەمەندە

تۆفیق لە خوداوەند و لەسەر ئێوە قیامە
یەک حەملە بەرن فورسەتە وەک شێری دڕەندە

ئەو سەدد و تەلیسمانە بە گورزان بشکێنن
دەی لەتلەتی کەن ئەم قەیدە بە شمشیری بڕەندە

ئەو لەززەتی ئازادییه و حوڕیەتی نەفسی
سەد مەرتەبە شیرینترە لەم شەککەر و قەنده‌
گزیدۀ اشعار ملا معروف کوکه‌ای، تحقیق و نگارش: مهپاره لاهیجانی، ناشر: رهرو – مهاباد، تاریخ نشر: ١٣٨٧ هـ. ش، ص ١٦٦.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit