ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
پێش بوونی من
ملیۆنەها ئافرەت هەبوون
بە لەشولار، بە ڕەنگوڕوو، جیاجیا
به سەراپای پڕ هێما و کۆد،
بە گەرمایی و تامی تەزوو، جیاجیا
دوای کشانی ئەستێرەشم
ملیۆنەها نازداری تر دێنە دنیا
***

سەفەرێکی زۆر درێژم لەبەردایە،
شپرزەم و
بێ‌تۆشەم و
دڵم بۆتە مەکۆی خەمان...
چ حەسرەتە!
من نە بەوان ڕاگەیشتم،
نە دەستم دەگاتە ئەمان...
***

وەتی هەم سەرمابردەڵەم،
دە دامپۆشە بە هەناسەی پیرۆزی خۆت،
داگیرم کە و
گەرمم کەوە، ئەی گیانی من!
بەڵکوو بشێ ئاوێتە بین
وەک تخووبی ژین و مردن

من کێم هەیە؟ !
تەنیا هەر تۆی بۆم خەفە کەی
گڕی هەزار خۆزگە و بریا
دە بۆم ببە
بەو شۆخانەی هەبوون و هەن،
بەوانەی پاش ماڵاواییم دێنە دنیا!
(٢٠٠٠/١٢/٩ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit