ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ڕۆژباش،
کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش!
ڕۆژباش،
کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش:
چاوەڕێم کەن،
وا تێنەگەن هێندە دوورم...
ئەو بەڵێنەی بە ئێوەم دا،
هەنووکەش لەسەری سوورم!

چاوەڕێم کەن،
نابێ، ناشێ نەتانبینم!
مەپرسن کەی
مەپرسن چۆن
گومان مەکەن لە زڤرینم١!

لەوانەیە،
ڕۆژی نەوڕۆز،
وەک پنجێک گیا
لەسەر گردی مەلا مەروان٢ بژیێمەوە!
ڕەنگە شەوێک
لەگەڵ تیشکی برووسکەدا
داپەڕمە خوار و بێمەوە،
بێنێک وەکوو تاپۆی ئاڵا
لەبەر چاوان بشنێمەوه!

لەوانەیە
هەر دوای ڕێژنە بارانێکی سەربەکڵاوە،
لە داوێنی ئەسپیندارێک
وەکوو کارگێک هەڵبتۆقم.
یا لە دەشتی کاولەقەراج٣
شین بم وەکوو گوڵەجۆیەک،
یا لە گەرمەی ڕەشبەڵەکدا
بترنجێمە ناو ئاپۆرە و
لە پڕ بێمە دەستی دۆیەک!

***

ڕۆژباش!
کچانی سەد ساڵ لەمەوپاش...
ڕۆژباش!
کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش:
کە منتان دی،
بانگم بکەن
بۆ سەر سفرەی پڕی خۆتان!
من دڵنیام
نانی ئێوە تامی خوێن و ڕۆندک نادا.

با شەوێکیش بەئارامی
بنووم لەناو پێخەوتانا
لەم ژینەدا هەرچەند گەڕام بە دنیادا،
پێخەوی من
یا کەڵەکی سەر شەپۆل بوو،
یا لکێک دار لە بەردەمی ڕەشەبادا!

لێم گەڕێن، جارێک،
لە چەقی ڕێگە،
بە ڕۆژی ڕووناک،
بێ فتوای مەلا و ئیزنی عەشیرەت،
لە ترس ڕەها، لە تانە بێباک
تێر ئاوێزانی کچەکوردێک بم
هەناسەی بۆنی نێرگزی لێ بێ،
بەری دەستیشی تام و بۆنی خاک

***

ڕۆژباش،
کچانی سەدساڵ لەمەوپاش!
ڕۆژباش،
کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش:
تکا دەکەم،
بۆ ئەو ڕۆژە
ڕۆژی زڤرین یا داپەڕین،
ڕۆژی شینبوون یا هەڵتۆقین
پەساپۆرتێک بۆ من دانێن!

گرینگ نییە!
با ئەستوور بێ یا تەنکۆکە...
با لاکێش بێ یا چوار گۆشە...
گرینگ نییە!
چۆنی دەڵێن با ئاوا بێ:
زەرد بێ، سوور بێ،
شین بێ، مۆر بێ،
یا ڕەشێکی وەک قەتران بێ...

لەم ژینەدا بە حەسرەت بووم،
تەنیا ڕۆژێک
پێناسێکی زێدی خۆمم لە گیرفان بێ!

ڕۆژباش،
کچانی سەدساڵ لەمەوپاش،
ڕۆژباش،
کوڕانی سەدساڵ لەمەوپاش!

١. زڤرین: گەڕانەوە، ڤەگەڕ
٢. مەلا مەروان: گوندێکی نێزیکی گوندی بێرکۆت(زێدی شاعیر) بەهاران لەوەڕگەی بەرخەل و کانگەی پیفۆک و شیلمشاق و قێزبەلە و قوڕادە و شتی تر بووە
٣. قەراج: بە پیتترین زەویی باشووری کوردستانە.
(١٩٩٣/‌٨/١٤ - تشیریکۆڤە)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit