ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
هاوین بوو، هاوینی کوردستان
هەیوەشەو، ساماڵ بوو
لەسەر گازی پشت بووین،
ڕایەخ گیای لاپاڵ بوو

ئاسمان پڕ ئەستێرە
سەر کەیلی خەیاڵ بوو.
لەناکاو پرسێک بە بیرمدا هات:

(ئەرێ ئەستێرەی ئێرە و هەندەران
هەمان ئەستێرەن؟
من دەڵێم جودان!
گەرنا چۆن هاوکات لەوێن و لێرەن! ؟ )

هەموویان گوتیان:
(نەخێر جودا نین
هی ئێرە و ئەوێ
هەمان پەنگر و ژیلەی پڕژاوی
لە خۆر جێماون،
دەنکی بڵاوی
هەمان تەسبێحی دەزووبچڕاون)

گرەومان کرد و کەوتینە سۆراخ:
چووینە بەر شنەی دەم و نەفەسی شێخ و مەلایان
خێوەتمان هەڵدا لە بەر تریفەی هزری زانایان
لێرەمان پرسی،
لەوێمان پرسی...

هەموویان گوتیان:
(ئەوانەی لەوێن، ئەمانەی لێرەن
شکی تیا نییە هەمان ئەستێرەن! )...

لە هەنگیڕا
عومرێک بەسەر ئەو شەوەدا تێپەڕیوە... .
دیسان لەسەر گازی پشتم،
چاوم لە ئاسمان بڕیوە.
گومانی ئەوسام، ئێستا یەقینە:

ئەستێرەناسی هەموو جیهانیش
بە گژمدا چن،
ئەستێرەکانی دنیای هەندەران
قەت لە ئەستێرەی کوردستان ناچن!
(١٩٩٢/٣/١ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit