ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بەڵێ، گوتم:
'لەگەڵ تۆدا شەپۆلێکی بێ کەنارم،
پەڵەهەورێکی بێ ئۆقرەم،
لەسەر بارینم و نابارم! '

شێتییەک بوو
هات و ڕۆیشت.
بەڵام تۆ چۆن بڕوات پێم کرد؟
بۆچی هێندە بە ئاسانی
داگیرسایت و پشتت تێم کرد؟

چما نەتدی، کە ئەمەم گوت،
چۆن ڕەنگم هەڵبزڕکابوو؟
چۆن گلێنەی دامرکاوم
فرمێسکی تیا قەتیس مابوو؟

چما نەتدی، لە هەژمەتان...
چۆن زمانم هەڵدەلەرزی
وەک چۆلەکەی بەر کڕێوەی لانەوێران؟ !
ئەی نەتبینی، پەیڤەکانم،
کارمامزی پێکراو ئاسا،
نووچیان دەدا و هەڵدەدێران؟ !

***

با گەورەییم هی دەریاش بێ،
دەریا هەیە بێ گەرداو و پێلی لێوە؟
با سەنگینیم هی چیاش بێ،
چیا هەیە بێ هەرەس و بێ کڕێوە؟

***

من نازانم،
شیرینەکەم،
دڵێک شۆر و سەودای تیا بێ،
دڵێک چاوگەی نەرمەپێلی نوورەی خوا بێ
چۆن وا کەڕ و مجرۆ دەبێ؟
چۆن لە نیگا حاڵی نابێ و گوێلەمستی زمانێکی بەدگۆ دەبێ؟ !
(١٩٩١ - مۆسکۆ)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit