ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
لە هۆڵێکدا
سەدان ڕووبار قەتیس مابوون،
شەپۆل مات بوو بژ و یاڵی...
ئەوەی هەبوو،
دەنگی بەنداوڕمێنم بوو
کۆتی لە پێی شەپۆلەکان دادەماڵێ.

ئێوارە بوو،
سەدان ئاسمان ڕەهندە
لەسەر هەست بوون
بۆ ترووکەی ترووسکەیەک،
بۆ بازرەقەی لە ناکاوی
تیرەماری برووسکەیەک،

ئەوەی هەبوو،
ئەستێوبەردی دەنگی من بوو
ئەستێرەکانی پێ دەکرد،
پەیتاپەیتا سیسەکانی
فێری باڵەفڕکێ دەکرد!

***
لەو کۆڕەدا
پرێسکەیێکم کردەوە،
کەوا ڕۆژگار
عەیامێک بوو گرێی دابوو:
پڕاوپڕ بوو لە زەنگیانەی
ئەو ژوانانەی
هەر ماچێکیان کودەتا بوو.

هۆنراوەکە گێڕامیەوە بۆ ئەوینێ
کە چیدی خۆر
لە پشکەگۆشتێکی دڵدا
تین و تەزووی وا نابینێ!

دەمخوێندەوە و لەبەر چاوم،
دنیا دەبوو بە مێرگێکی تریفەجاڕ.
تاوناتاویش
ئەستێرەکان ڕادەچڵەکین
لەبەر هاڕە و خوڕەی ڕووبار!

***
کۆڕ تەواو بوو...
ئادگارێکی بە گیان ئاشنا،
لێ ساڵەهای ساڵ دوورەدەست،
لە مەملەکەتی خەونەوە
بۆ بەردەمم بازرەقەی بەست
دەستی گوشیم،
بە دەنگێکیش،
کە سەردەمێ شەوێک نەبوو نێتە خەوم،
هەر هێندەی گوت:
'شێوەم ناکەی؟ کچی ئەوم! '
(تشرینی دووەمی٢٠٠٢ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit