ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
بۆ هاوڕێی هونەرمەندم ڕەهبەر جەلال کۆیی

(١)
ــــ ماندووم... . دەمەوێ بنووم
بنوو، هاوڕێم!
بنوو، ئەی ئەو سوارە عەگیدەی
هەسپت: ڕەشەبا...
زینت: گەواڵە... .
ڕکێفت: ئەستێوبەرد بوو.

بنوو، هاوڕێم!
کێ دەڵێ تۆ لە سەرەمەرگای؟ !
هەیبەت سوڵتان بێنە بەرچاوی خۆت...
ئەوا پێیدا هەڵدەگەڕێین.
سەر هەڵبڕە!
زۆرمان نەماوە... چەند هەنگاوێک!
ئەوا سەرکەوتین...

ئیدی لەوێ، لە نەرمانی نیسارێک
لە پەنا ڕەوەزێک، وچانێک دەدەین...
پاشان، دەست لە دەست و نەرمە نەرمە،
بەرەو چنارۆک شۆڕ دەبینەوە...

بنوو، هاوڕێم
لە هیچ مەپرسە
ڕەشانگ و تاپۆیەکانی ئەودیو پەنجەرە
ئەو دار و درەختانەن
کە حاجی قادر
لە سێبەریان سەرخەوی دەشکاند.
ئەو ژاوەژاوە و دەنگەدەنگانەش
ئارێبابەی فەقێیەکانی مەلای گەورەن.

بنوو، هاوڕێم!
ئۆباڵت بە ئەستۆم
ئەگەر کەس گەواهی نەدا
من گەواهی دەدەم
دوای ئەو هەموو مەیدانخوازی و
زەنگۆڵێدان و هەڵمەتانە
برینەکانت سەختن
برینەکانت بە سوێن

ئۆباڵت بە ئەستۆم
ئێستا نووستن هەقی خۆتە،
ئارامی شایانی ڕوخساری زەعفەرانیتە

فەرهەنگۆک:
عەگیدە: بوێری
گەو: ئەڵقە، بازنە
ئەستێوبەرد: بەردی چەخماخ و پوشو
نیسارێک: شوێنێک کە بەردەوام سێبەرە و خۆر نایگرێ
ڕەشانگ: تاپۆ، تارمایی، سامۆتک
ئارێبابە: زیکری مورید بۆ شێخەکەی
ئۆباڵ: گوناهـ

* ڕەهبەری هونەرمەند، هاوڕێی ساڵانی دوایی غوربەتم بوو. مەرگی ئەو کۆستێکی گەورە بوو. ڕەهبەر عاشقێکی گەورەی کوردستان بوو، هەر ئەو عەشقەش کوشتی.
ئەم پەخشانە شیعرە لە سەرەمەرگی ڕەهبەردا، لە نەخۆشخانەی شێرپەنجەی شاری هێلسنکیدا نووسرا و لەسەر تەرمەکەی خوێنرایەوە. نەمویست هیچ دەسکارییەکی بکەم.
(١٩٩٨/٤/٤ - هێلسنکی)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit