ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
ڕێک و جوانی، تۆ دۆن ژوانی
سنگ دەرپەڕیو، چاو قەترانی!

هەنگاو بنێ، سووک خۆت بادە،
لەم جادەوە بۆ ئەو جادە

سەر شانە کە لەناو کۆڵان،
ئازای ناو کۆڕی کیژۆڵان!

جل وەک بووکی ناو کەژاوەی
یەخە بە مێخەک ڕازاوەی!

کەوشی تازەت چەشنی شالوور١
لێی هەڵدەستێ ئاواز لە دوور

بۆ هەر جێیەک بچیت، بێ دەنگ،
دەتپەرستن کچانی شەنگ

سا چیت لە من، چیت لە حەمە
کەوا دڵمان پڕ لە خەمە!

حاڵت باشە وا گڕەی دێ
گیرفانت گەرمە زڕەی دێ!

*****

تف لەو بەژنە، لەو باڵایە،
لەو سەروملە واڵایە

تف لەو دڵە پڕ سستییە
کە هەر فێری ژێردەستییە

تف لە جوانیی ئەو دوو چاوە
کە بۆ چاوبازی خوڵقاوە-

نابینێ نیشتمانەکەی...
ئازاری خاکە جوانەکەی...

تف لەو گوێچکە، چەند سەگسارە
چەند مووچە بۆ دەنگی پارە!

بەڵام دوورە لە بیستنی
کوردایەتی و پەرستنی

١. شالوور: جۆرە بولبولێکی دەنگخۆشە
(١٩٦٥ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit