ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
گیانە، وا شەو درەنگە
زەمین کپ و بێدەنگە
بەرپەنجەرەی ڕووناکت
بەرنادەم، شەوەزەنگە

تاکوو نەتگرمە باوەش،
ئەی گوڵی ئاواتی گەش!
* * *
زۆر بە ئازارم ئەمشەو
لە چاوانم دوورە خەو
بۆ خەوی باوەش هاتووم
بۆیە، گرەو بێ... گرەو

واز نەهێنم، دیدەگەش،
تا تێر نەتگرمە باوەش!
* * *
وەرە دڵ پڕ نەوا١ بین،
لەژێر پەردەی شەوا بین،
لە چۆڵی خەم هەڵفڕین،
مەستی جوانیی دنیا بین

تەنیا دەمێ، دیدەگەش،
یەکتر بگرینە باوەش!
* * *
ڤینۆسم، خواوەندەکەم،
بژیێنەوە خەندەکەم!
ژینم فیدای ئەو ساتەی
دەشکێنی پێوەندەکەم

بە سکاڵای دیدەی گەش،
بە چرپەچرپی باوەش!
* * *
شەوقی نزمی ئەستێرە
سەما دەکا بۆ ئێرە،
بە خەندەی پڕ بەزەیی
چاو هەڵناگرێ لێرە

تا من و تۆی دیدەگەش،
یەکتر نەگرینە باوەش!

١. نەوا: ئاواز، پەنا، داڵدە، ئارامگە، جێی حەوانەوە
(١٩٦٦ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit