ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
خاڵە پیرۆت، خاڵە پیرۆت!
بەسە، مەگری، بۆ بەختی خۆت،

کاروانەکەمان نەبەزە،
کۆڵەکەی پشتی ڕەگەزە،

زڕەی زەنگی پێشکەوتنە،
پەیامبەری سەرکەوتنە،

قەت ناچەمێ و نەچەمیوە،
لە کۆڕی ژین زۆری دیوە،

وەکوو گوڵی وەرزی بەهار
ڕوا لەسەر زبڵی ئازار،

ڕەگی داکوتا زۆر بەتین،
هەڵچوو بەرەو ئاسمانی شین،

***

خاڵە، باوەڕمان شەپۆلە،
شەپۆلی پڕ قین و تۆڵە،

پەیامی ڕاستیی ژیانە
دژی فرمێسکی گریانە،

لە سەرچاوەی ئازارەوە،
لە هیوای لادێ و شارەوە،

له قوڵپی خوێنی زامەوە،
لە حیبری نووکی خامەوە

پەیتاپەیتا هەڵقوڵاوە،
لەگەڵ ژیان تێکەڵاوە.

جموجۆڵی ئەو شەپۆلە
تێر ئاو دەکا هەردی تۆڵە

هێزی زۆردار با گەورەش بێ،
جڵەوگری ئەم دەورەش بێ،

بڕوای ئێمە تێی دەئاڵێ،
بەرەو نەمان ڕایدەماڵێ!

چونکە هێزی مێژووی دوورە
شۆرشە، دژی سنوورە!

(١٩٦٦ - هەولێر)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit