ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
لە ئاسمانەوە نەهاتووم،
من مێوان نیم
من مێوانی سێبەرقورسی کوردستان نیم
بەر لە مێژوو
کانییەک بووم، لێرە دەربووم
بەر لە مێژوو
ئاگرێک بووم، لێرە هەڵبووم

بار کەن، بڕۆن!
کانیاوەکان، جگە لە من،
کەسێکی تر تێرئاو ناکەن
دار گوێزەکان، جگە لە من،
بۆ هیچ کەسێک
سێبەری خۆیان هەڵناخەن!

بار کەن، بڕۆن!
زەویی ئێمە
دانی ئێوە لێ شین نابێ
مێرگەکانمان
لەژێر پێی گاڕانەکانتان وەک ئاگرن...
تا دارتووشمان یاخی دەبن،
جۆڵانەیەک بۆ مناڵتان ڕاناگرن!

بار کەن، بڕۆن!
بار کەن، بڕۆن!
مێوەی درەختەکانمان کاڵە،
ئاومان سوێرە،
هەنگوینمان بە دەمتان تاڵە!
بار کەن، بڕۆن!
بار کەن، بڕۆن!

* (تەعریب) یەکەم جار لە ١٩٧٣/٨/١٦دا، لە یانەی مامۆستایانی شاری کەرکوودا، خوێندرایەوە. ڕووی ئەم شیعرە لەو عەرەبە بەعسییە داگیرکەرانەیە کە بۆ عەرەباندن ناردرابوونە کوردستان. نەک عەرەب بە گشتی کە دراوسێی لە مێژینەی گەلی کوردستانن.
(١٩٧٣ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit