ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
خوا دەزانێ
باڵای تفەنگم خۆش ناوێ!
بەڵام، ئاخ! کۆترەکەی ئاشتی
کڕە وەکوو شێرەبەفرینەی بەیانی،
لەسەر لوولەی تۆپی ماتی وەستا ڕەجەب*
دەنووکی خۆی
خستۆتە ژێر باڵەکانی

وەک بیستوومە،
ئەو کۆترە مانگرتووە،
لە ئاسمانی وڵاتێکی بێئاڵادا،
بە شریخەی تفەنگ نەبێ،
قەت لە شەقەی باڵی نادا!

* وەستا ڕەجەب: چەکسازێکی بەهرەداری کورد بوو، گەلێک تۆپی بۆ شۆڕشی پاشای گەورەی ڕواندزی دروست کرد، تا ئێستاش هەندێکیان هەر ماون.
(١٩٧٣/٥/٢٣ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit