ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو شەونامەی شاعیرێکی تینوو
٢١. دوا لاپەڕەی یاداشتی دڵدارێک
بەڵێن بدە:
کە تاریکیم بۆ ڕاناخەی.
بەڵێن بده:
کە شەختەبەند ناکەی بەرپێم.
منیش بەڵێنت پێ دەدەم،
دان بە ڕابردووما بنێم:

پێش چاوی تۆ
لە پەرداخی وەنەوشەییی
چاوی ترم پێک هەڵداوە.
پێش نامەی تۆ
قژی گەلێک نامەی ترم داهێناوە
پێش سنگی تۆ
زۆر سنگی تر
چەپکەگوڵی تەزووی سووریان بۆ چنیوم
پێش ژوانی تۆ،
زۆر ژوانی تر
ڕێگەی دووریان پێ بڕیوم...
***
شاعیرێک بووم...
گەرووی وشکم
بە دوای قومێک ئاودا وێڵ بوو،
بۆ بارانی هەر ئاسمانێک نووشتامەوە
ئاوی لێڵ بوو!
***
گەر دەتەوێ خوێنی دەماری شیعرم بیت
داستانێک بیت بێ کۆتایی،
گەر دەتەوێ
خۆشەویستیت بەدویدا نێت
ماچی ساردی ماڵئاوایی:

بەڵێن بدە، ئاسمانم بیت،
بەڵێن بدە،
هەناسەم بیت، سێبەرم بیت، بارانم بیت
تاکوو منیش شانۆی کۆنم جێ بهێڵم
دەمامکی ڕووم فڕێ بدەم
دوو باڵی پڕ خۆشەویستیم
لە گەردنت گرێ بدەم...
(١٩٧١ - کوردستان)
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit