ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
شایی دەکا...
پێی لەسەر دڵ شایی دەکا.
لە سووکیدا
لە پەپوولەی ناو بەهەشتی خوایی دەکا.

سنگی تازە پێگەییوی،
هیچ نەدیوی،
هەڵدەپەڕێ.
چاوەنواڕە
تا نیگای چاوی دڵتەڕێ
شوێنی کەوێ...
بۆی نەسرەوێ.

ئەو گەردنەی کە پڕشنگی
کەوتۆتە شەڕ
لەگەڵ خشڵی١ خۆی و سنگی،
وەک ترووسکەی خواپەرستی
شەپۆلی دا، خلیسکی برد،
ناخی دڵمی لە باوەش کرد.

ڕستەکانی گەردانەی زێڕ
وەکوو مناڵێکن شەرمن
لەهیکڕا هەڵدەقۆزنەوە و
نیگای چاوێک دەبڕنه من!

سا بە تاسەی کۆرپەی برسی،
بۆ مژێکی نەومەمیله،
دەکەونەوە و چەپۆک دەدەن
لەو جێگایەی دڵ بۆی دیلە!

١. خشڵ: زێڕ و زیوێکە ژنان بۆ جوانی بیدەن لە خۆیان
(١٩٦٧ - هەولێر )
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit