ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی براکوژی
٢٨. چما من چۆڕە خوێنە...
چما من چۆڕە خوێنە داگیرساوەکەتان نیم؟
من خەنجەرە هەمیشە هەڵکێشراوەکەتان نیم؟
ئەی من مەلی تیژباڵی داودۆزی ڕەوەکتان نیم؟
لە خەوباراندا... زەنگ و
لە تۆفاندا... . کەڵەک و
لە ڕۆژی بەستەڵەکدا
ئاوڕگ و گەرمەکتان نیم؟

چ زوو پێم گوتن؛
کوندەبۆیانی کەلاوەنشین
چاویان هەڵنایە بە ڕۆژی ڕووناک...
چ زوو پێم گوتن؛
ئەو خەرتەلانە ئارام ناگرن
تا زێدەکەمان نەکەن به کەلاک!

ئێستاش تێم ناگەن؟
لێم بەد گومانن؟
دە چاک بزانن؛
ئەو وانەکانە، سبەینان... بازی
دەسندەخۆری نەوەی حەججاجن
نیوەڕۆیانیش
چاوساغی ئۆردووی دمدمشکێنن
عەسران تاژیلەی چوارپەل بە خەنەی
عورووبەی شامن.
لە حەرەمسەرای ئالی عوسمانیش
شەوان بە نۆرە هەتیوخەسێنن.

هێشتا تێم ناگەن؟
لێم بەد گومانن؟
دە چاک بزانن؛
هەر کانییەک، ئەوان ئاوی بخۆنەوە، هیشکاو دێنێ.
هەر درەختێک، لە سایەیدا ئەوان بنوون، بێبەر دەبێ.
تاعوونن... تاعوونن... تاعوون...
لە هەر جێیەک گەرا بخەن
تۆوی مەرگی پێ وەردەبێ.

دۆبڕن... دۆبڕن... دۆبڕ!
بڵێ: هانێ،
ئەمە ئاڵای سەرفرازی!
ئەوان کفنت بۆ هەڵدەکەن.
بڵێ: هانێ،
ئەمە کەوسەری سەرکەوتن!
ئەوان ژەهری تێشکانی تێکەڵ دەکەن.
ئەو هینانە؛
شەنگەبەرەی داری ژەهری بەربینگمانن...

ئەو هینانە؛
دوو لاگونی سەدباتمانیی
دێوەزمەی سەر سینگمانن
هێشتا تێم ناگەن؟
لێم بەد گومانن؟
دە چاک بزانن؛
تا سێبەری ئەوان مابێ،
نە بایەزید خانی دەبێ،
نە گۆڕقەرەج حاجی قادر،
تا سێبەری ئەوان مابێ
کوردستانمان، وەک دێڵەیەک
دەبێ جێگەی بەردەرگا بێ...

هەر بترەکێ و هەتاکو دنیا دنیا بێ،
دەرزەن دەرزەن... تەغار تەغار...
توتکەبەعسی و براکوژی لێ پەیدا بێ!
تا سێبەری ئەوان مابێ،
هەر بە شکست
تۆڵەی شکست دەکەینەوە
وەڵامی گشت ئەنفالەکان
بە ماچومووچ دەدەینەوە.
بە تریاکی هەڵەبجەیەک
هەڵەبجەیەک لە بیر خۆمان دەبەینەوە.

تا سێبەری ئەوان مابێ
دەبێ هەروا،
بە ئومێدی فرۆی چەوری بەرخەنێر بین
چاو لە هێلکەی دووزەردێنەی کەڵەشێر بین!

ئێستاش تێم ناگەن؟
هێشتا تێم ناگەن؟
لێم بەد گومانن؟
دە چاک بزانن؛
کوردستانی ئێمە ئاشە،
سەرکردەکانیش ئاشەوان
کورد باراشە و لێکردنیان
بە قۆنتەرات داوە بەوان!
١٩٩٤ - ١٩٩٥ هەولێر، مۆسکۆ

هۆنراوەی (چما من چۆڕە خوێنە... ) لە نێوان ١٩٩٤ و ١٩٩٥ دا لە کوردستان و ڕووسیا نووسراوە. لە کۆتایی ١٩٩٧ دا لە دیمانەیەکی (مەدتیڤی)دا خوێندرایەوە. ئەوسا گەرمەی شەڕەزڕتێی بەرەبابەکان بوو. برا برا و دراوسێ دراوسێی دەکوشت. داگیرکەرانیش بە چەک و پارە هاریکارییان دەکردن و نەشیان دەهێشت تەرازووی هێز لاسەنگ بێ (ئێستاش دێگەڵە تەرازووەکەی ڕاگرتووە و ناهێڵێ شەحنی هیچ لایەک تەواو بێ). ئەمە هەمووی لە کاتێکدا بوو، کە بڕیارێکی یووئێن، دوای ٣٠ ساڵ ماڵوێرانی، دەرووی ئازادیی بە ڕووماندا کردبۆوە و سکێچی دەوڵەتێکی دیفاکتۆی کێشا بوو.
چەند وشەیەک لە دەقی ڤیدیۆکەدا هەن، کە جیاوازییان لەگەڵ ئەوانەی ناو دیوانەکاندا هەیە، بەڵام بە هەمان مانا بەکار هاتوون.

فەرهەنگۆک:
*حه‌ججاج: مه‌به‌ست له‌ حه‌ججاجی کوڕی یووسفی سه‌قه‌فییه‌ (٧١٤ز). یەکێکە لە خوێنڕێژە کەموێنەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.
* ئالی عوسمان: خانەوادەی سوڵتانەکانی دەوڵەتی عوسمانی.
* بایه‌زید: زێدی پیرۆزی ئه‌حمه‌دی خانییه‌.
* گۆڕقه‌ره‌ج: زێدی پیرۆزی حاجی قادری کۆییه‌.
داودۆز: ئه‌و مه‌له‌ی چاوترسێن بووە و له‌ داو سڵ ده‌كا.
تیژباڵ: تیژپەڕ، تیژفڕ، مه‌لی خێرا له فڕینا.
ڕه‌وه‌ك: سرك، سڵ، قوشقی، تۆڕ.
که‌ڵه‌ك: که‌ڵه‌س، به‌له‌مێكه له ‌كونده‌ی پفدراو و دار دروست ده‌کرێ بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ ئاو.
گه‌رمه‌ك: گه‌رمك، کانی یا سه‌رچاوه‌یه‌ك که‌ به‌ زستانان ئاوی گه‌رم بێ.
ئاورگ: ئاگردان، كوانوو.
خەفیە: سیخوڕ، جاسووس
زێد: مه‌فته‌ن، نیشتمان، وڵات، شوێنی له‌داكبوون.
که‌لاك: لاش، جەندەک، لاك، لاشه‌ی بێگیان(زێتر بۆ ئاژەڵان بەکار دێ)
وانه‌ك: هین، هه‌رامه‌.
ده‌سنده‌خۆر: ده‌ستنده‌خۆر، دەستەمۆ، خنۆک، هەمیشە چاوله‌ده‌ست و دانەخۆرەکراو
ئۆردوو: ئۆردی، لەشکر
دمدمشکێن: دمدمگر، دمدمبەزێن (دمدم قەڵای بەناوبانگی خانی لەپزێڕینی برادۆستییە، نێزیکی شاری ورمێیە/ دمدمشکێن: مەبەست لە لەشکری داگیرکەری شاعەباسی سەفەوییە).
تاژیلە: تاژیی بچووک، تانجیی چکۆڵە( سەگی قەدباریکی ڕاو)
چوارپەلبەخەنە: دەست و پێ لە خەنە گیراو( نازڕاگیراو)
عورووبەی شام: سەر بە ئیدۆلۆژیای عەرەبایەتی (بەعسییاتی)ی سووریا، کە هاوشێوەی تورکایەتیی ئەتاتورکە.
دۆبڕ: شووم، دومۆر، نه‌حس، قه‌ده‌مشه‌ڕ، كوچكڕه‌ش، نەگریس.
کوچکرەش: دۆبڕ، دومۆر، نەحس، قەدەمشەڕ، نەگریس.
شەنگەبەرە: شەنگەبەرەکەت، شەنگلە، بەری دوانە، بەری جمک، کە دوو کەرتی پێکەوەنووساوی وەک یەکی هەبێ.
شۆڕابە: چەند مانایەکی هەیە، بەڵام لەم هۆنراوەیەدا بە واتای پەڵەهەوری تاری نزمی لەسەر بارین بەکار هاتووە.
بەربینگ: بەربینک، بەربین، ستۆکڕک، هەوک، خوار قوڕگ، قرقرتۆک.
باتمان: پووت، پێوانەیەکی کێشانە، قورساییەکەی لە جێیەکەوە بۆ جێیەک دەگۆڕێ( لە نێوان ١٢- ١٦ کێلۆیە)
دێوەزمە: مێردەزمە، کابووس، مۆتە، مۆتەکە.
بترەکێ: بزێ، زاوزێ بکا. ( ترەکین بۆ گیاندارانی وەک سەگ و گورگ و ڕێوی... بەکار دێ).
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit