ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی براکوژی
٢٥. سێ کورتە پامفلێت
(١)
جووتێک پێڵاوی ڕەشم لە پێیە؛
پینەدار، هەرزان، گەمار، سووک، گڵاو
هەزار جار ئەم پێ و ئەو پێ پێکراو
چەند جاری کەوا سەرنجیان دەدەم،
بە دەست خۆم نییە، لمۆزی پێڵاو
قەپۆزی هەندێ
سەرکردەی کوردم دێنێتە بەرچاو
١٩٨٢/٥/١ مۆسکۆ

(٢)
لە غەیبەوە هاتوومەوە
هاتوومەوە پێتان بڵێم؛
ئەم وڵاتە
قەت بێ خرمەخرمی ناڵ و
زرمەزرمی پۆستاڵ نابێ
تاکوو ئێوە ئەو پردە بن... .
هەر دیل بوون و هەر دیل دەبن،
تا چەرچی و دز سەرکردە بن!
١٩٨٤/٦/٢٣ مۆسکۆ

(٣)
نەگبەتی بەرۆکی گرتووین
لەملاوە دێ
گێژەڵووکەی لمی ئاران
لەولاوە دێ
تەرزه و برووسک، بەفر و باران

دانەوەختێک باڕۆڤەیە... ڕەشەبایە
دانەوەختێک گەرداوی تەڕی دەریایە
کەچی ئێمەی سڕ هەتا ناخ
ئێمەی ڕووتتر لە تیشەشاخ
خوێنی یەکتر دەخۆینەوە
لەسەر کورتی و درێژی مووی کلکی وڵاخ
١٩٨٧/٦/٣٠ تەرابلۆس
یەکەمجار، ڕۆژی ١٩٩٢/٤/١٣ لە گۆڕەپانی گڵکەند، لە شاری هەولێر بۆ جەماوەر خوێندرانەوە.
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit