ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو دیوانی براکوژی
١. بەرکوڵی چاپی نوێ: بەشی یەکەم
چارەنووسی' دیوانی' براکوژی زۆر لە چارەنووسی 'دوانزە وانە بۆ مناڵان' نزیکە، ئەگەرچی مەودایەکی زەمانیی دوورودرێژیشیان لە نێواندایە؛ هەردووکیان لە باروودۆخێکی سیاسیی لە ڕادەبەدەر ئاڵۆزدا لە دایک بوون و لە تاقە کۆڕێکی شیعر خوێندنەوەدا فرچکدران. پاشتریش، بێ ئەوەی دەسەڵاتێک نازیان بکێشێ و گیرفانێک شەکروشیریان بداتێ، هەر خۆیان پێڕەوکە بوون و لە خەم ڕەخسین و بە نان و نمەکی خەڵکی کوردستان ڕسکان. بۆیە، ئەم دوو هۆنراوە درێژە چەند هی منن، هێندەش هی ئەو سەدان هەزار کەسەن کە تا ئەمڕۆ ئەم دەست و ئەو دەست، ئەم باخەڵ و ئەو باخەڵیان پێ کردوون و نەیانهێشتووە ڕوخساری ڕاونراویان چرچولۆچی تێ بکەوێ و گەردی فەرامۆشیی لێ بنیشێ.
خوێندنەوەی 'دوانزە وانە' لە کەرکووکی ١٩٧٢ی کانگای تەعریب و 'دیوانی براکوژی' ش لە هەولێری مەڵبەندی شەڕی خۆکوژیی ١٩٩٤دا، ناڵێم ئازایەتی، بەڵام هێزێکی مەعنەوی و بڵێسەیەکی پەتی و بڕوایەکی ڕەهای دەویست بە سەرکەوتنی ئازادی و جوانی و شیعر. خەڵکی کوردستانیش، بە سەلیقەی خۆڕسکی خۆیان، لەمە گەیشتن و ئەرکی بڵاو کردنەوەیان لە کۆڵ کردمەوە.
نووسین: ناشناس
سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew

پەراوێز edit