ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
جامانەکەی فڕێ مەدەن!
چاوەڕێ کەن،
تا ئەو ڕۆژەی دەبێ بە تاج.
پشتێنەکەی بپارێزن!
با نەڕەنجێ
کەسکوسۆری پاش بارانی دەشتی قەراج.
***

چەک و خشڵی
کامە کۆگای شانزێلیزێی جوان و بەدەو١
دڵڕفێنە
وەک بازن و گوارە و خەزێم،
وەک لاسەرەی نازداری ئەو؟

کۆشک و سەرای کام چاری ڕووس،
شانشینی کام خانی چین
گوشادترە لە کەپرەکەی سەری سەفین؟

کامە وەستای دەستڕەنگین و وریای فەڕەنگ
ژوانگەیەکم بۆ چێ دەکا
لە سوورەگوڵ و سۆتکە و ڕێحان، لە خاسەڕەنگ؟
دوای چەتیمە حەیرانی ئەو،
بۆ برینی ئەوینداران،
کام دەرمانساز، کام جادووکار،
دێ هەتوانێک بگرێتەوە
لە ئارەقەی زەردمەمکان و تۆزی هیزار؟

کام دیدەنیی ژوانگەیی بەرخۆر،
کام راز و نیاز، کام تێکئاڵان...
خوێن گڕ دەدا
وەکوو سرتەی پەنا چیغ و ناو ڕەشماڵان!
شنەشنی لەش و لاری کام مۆدێلیار،
کام گوڵبەدەم،
تەمی بەرچاو ڕادەماڵێ و
لەسەر دڵان هەڵدەگرێ خەم،
وەکو ڕەوتی ئەو قورینگەی
چاوی ڕەشی بڵند نابن لە بەر پەرچەم!

١. ئەم هۆنراوەیە چەند هێمایەکی حەیرانەکانی ڕەسووڵ گەردیی تێدایە و حەیرانندۆست یەکسەر هستیان پێ دەکا.
شانزەلیزێ: بولڤارێکی هەرە جوانی پاریسە.
٢٠١٢/٢٠١٢ - کوردستان-فینلاند
لاپەڕەی ١٩٣,١٩٤,١٩٥,١٩٦
نووسین: ڕێزان عەلیپوور

پەراوێز edit