شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور سەرناو: بۆ ڕەسووڵ گەردی سەبارەت: ٢٠١٢/٢٠١٢ - کوردستان-فینلاند - لاپەڕەی ١٩٣,١٩٤,١٩٥,١٩٦ - نووسین: ڕێزان عەلیپوور جامانەکەی فڕێ مەدەن! چاوەڕێ کەن، تا ئەو ڕۆژەی دەبێ بە تاج. پشتێنەکەی بپارێزن! با نەڕەنجێ کەسکوسۆری پاش بارانی دەشتی قەراج. *** چەک و خشڵی کامە کۆگای شانزێلیزێی جوان و بەدەو١ دڵڕفێنە وەک بازن و گوارە و خەزێم، وەک لاسەرەی نازداری ئەو؟ کۆشک و سەرای کام چاری ڕووس، شانشینی کام خانی چین گوشادترە لە کەپرەکەی سەری سەفین؟ کامە وەستای دەستڕەنگین و وریای فەڕەنگ ژوانگەیەکم بۆ چێ دەکا لە سوورەگوڵ و سۆتکە و ڕێحان، لە خاسەڕەنگ؟ دوای چەتیمە حەیرانی ئەو، بۆ برینی ئەوینداران، کام دەرمانساز، کام جادووکار، دێ هەتوانێک بگرێتەوە لە ئارەقەی زەردمەمکان و تۆزی هیزار؟ کام دیدەنیی ژوانگەیی بەرخۆر، کام راز و نیاز، کام تێکئاڵان... خوێن گڕ دەدا وەکوو سرتەی پەنا چیغ و ناو ڕەشماڵان! شنەشنی لەش و لاری کام مۆدێلیار، کام گوڵبەدەم، تەمی بەرچاو ڕادەماڵێ و لەسەر دڵان هەڵدەگرێ خەم، وەکو ڕەوتی ئەو قورینگەی چاوی ڕەشی بڵند نابن لە بەر پەرچەم! ١. ئەم هۆنراوەیە چەند هێمایەکی حەیرانەکانی ڕەسووڵ گەردیی تێدایە و حەیرانندۆست یەکسەر هستیان پێ دەکا. شانزەلیزێ: بولڤارێکی هەرە جوانی پاریسە. ++++++++++++++++++++++