ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
‍ ئەوەی لەملا (قودس)تان بوو،
لەولاش (دڵ)تان١
وا لە سایەی تەخت و تاجی ناو زبڵتان

بۆتە مانگای هەمیشە گوان پڕ نەوت و خوێن،
بژیوە بۆ قەوچەقەوچ و كەفوكوڵتان!
*

چما كەركووک چۆتە سەر مانگ تا بێتەوە،
یا سوورگومە
وەكوو مێشكی قانگ و بڵتان!

كەركووک ڕەگە و دانابڕێ،
خۆتان لە ڕەگ دابڕاون،
لک بە لک و چڵ بە چڵتان.
*

گڕكانی ڕک هاتۆتە جۆش،
ڕک لە خۆتان،
لە كاژەڵەی كەللـەی كلۆر،
لە فایلتان

لە پردی سیراتی دێگەڵە*،
لە بارەگا و
بنكە و منكەی سەرمەڕمەڕی بنكاولتان

ڕک لە شوورەی باخ و مەزرا،
لە دیواری
حەرەمسەرای بێژماری
قل بە قلتان

لە پۆزلێدان،
لە زمانی لووشكەوەشێن،
لە گفتاری بێ هەوساری كاڵ و كولتان
***
كەی بەرۆكمان بەردەدەن، كەی:
حیلكەحیلک و
موسەلسەلی كۆبوونەوە و
گەردوخولتان؟
كەی دوایی دێ زرمەزلێی 'تۆم و جێری'²،
پایدۆست دەكا گرمەی ئاشی چەنەی شلتان؟
كەی شاشەكان دەسێنەوە
لە دەستگێڕ و دەڵاڵانی
دەرپێی مێژووی گەڕ و گولتان؟

دوای چارەتان
بە سەد ساڵیش دەرباز نابن ئاو و هەوا
لە دووكەڵ و تەپكە و سلتان.
شیعر ناڵێم، زاربەند بۆ دەم دەهۆنمەوە،
شیش بۆ قەفەز دادەڕێژم، تۆق بۆ ملتان.
ڕەگی حەمرین وا جۆش دەدەم، بقریشكێنێ:
'گوو بە خۆتان، گوو بە ماددەی سەدوچلتان'

١. قودس و دڵ: دوو زاراوەی پڕوپووچی ئینشایین، بەرەبابەکان بۆ کەرکووکی بەکار دەهێنن بۆ فریودانی گەلی کوردستان لە لایەک، لە لایەکی دی، بۆ خۆدزینەوە لە بەکارهێنانی زاراوەی گردەبڕ و بێپەناوپێچی سیاسی. دانانی کەرکووک بە 'قودس' کفری موتڵەقە و مانای دەستهەڵگرتنێکی ئاشکرایە لێی.
ئەم دێڕە دەبێ زۆر بە سووكی بخوێندرێتەوە، بۆ ئەوەی بە لەنگی نەگاتە بەر گوێ.
٢. تۆم و جێری: زنجیرە كارتۆنێكی بەناوبانگی زارۆیانە. تۆم پشیلەیە و جێری مشكە. بەزمی نیو سەدە زێتری 'تۆم و جێری'ی کوردستان خوێناوییە و شانۆکەی وڵاتێکی بندەست و لەتلەت و داگیرکراوە، نەک سینەما.
كانوونی دووەمی ٢٠١٣ - هێلسنكی
لاپەڕەی ١٧٧,١٧٨,١٧٩,١٨٠,١٨١
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit