ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
وەڕەس نابیت!
لە شاخ و شار
تەسبیحەکەت هەر بادەدەی.
دەنکەکانی دەگێڕیت و
ئەویان بەمدا دەماڵیت و
لەپڕ ئەمیش بەودا دەدەی!
هەزار بریا،
من دەمزانی بەو تەزبیحە چ دەژمێری:
ئەو سەرانەی
میرغەزەب و تەوروەشێن پەڕاندییان؟
ئەو ملانەی
ملەستوورە دابەستەکان شکاندییان؟
یا ئەو ڕنووە درۆیانەی کۆمایەک بوون،
هەر هەڵیان دا،
بوون بە گرد و ئێستا چیان؟ !
***
چ دەژمێری و تەواو نابێ؟
ئەو تانکەرە ملحیزانەی
میزەڵدانیان نەوتی تیایە و
قەتار قەتار ئاودیو دەبن،
هەڵتەک هەڵتەک
هەر بەڕێوەن وەک تاژیی ڕاو؟
چ دەژمێری؟
شیش و شۆفڵ، یاسۆندەی ئاو؟
بورغی و بزمار،
یا قەللابە و گرێدەری بێخمەی خنکاو؟ ١

چ دەژمێری؟
دەرگەوان و
پەردەوان و
ڕاپۆرتنووسە خوێنڕێژەکان،
یا باجگرە لە شاخ و شارە دەستنێژەکان؟
چ دەژمێری؟
ئەو پێتەخت و مێتەختانەی
لەملا هەر خۆت تاڵانکەر و
لەولاش هەر خۆت سامانیان بووی؟
ئەو ئەنفالچی و وانەکانەی
لەمسەر دوژمن،
لەوسەر هەر خۆت مامانیان بووی؟ !

چ دەژمێری ٥٨ لوغمەکەی گارنەر؟ ٢
یا ١٤٠ قازووخەکەی پۆل برێمەر؟
ئەو دەستانەی
دەمت لەجێی دەست بۆ بردن؟
ئەو پێکانەی
بەسیححەتی جەللادان و قوربانییان
لە یەک کاتا نۆشت کردن؟

چ دەژمێری؟
ئەو سەتانەی
لە ماوەی چاوقوچانێکا دەبنە هەزار؟
یا سفرەی ئەو ملیۆنانەی
وەکوو مالۆس،
دەترەکێن و دەبنە ملیار؟
چ دەژمێری و تەواو نابێ؟
ئەو ئاڕبیجیبەشانانەی
وەکوو حوشتر یخیان دەدەی،
یاخۆ سمێڵبابڕە گەسکەدەرەکان؟
هونەرمەندانی هونەرگەند؟
ڕۆشەنبیرانی فشنبیر،
یا نووسەرە گووسەەەکان؟ !

چ دەژمێری؟
قوڕگی گیراو؟
حەرفی خساو؟
یا قەڵەمی لە بارەگا و دیوەخانان
ماسک و دەرپێ پێ داکەنراو؟
چ دەژمێری؟
ئەو کەسانەی هەڵتداشتن
یا ئەوانەی
لە مەودوا هەڵیاندەدەێری؟
بریا سەت بریا دەمزانی
بەو تەسبێحەت دەنک وردە چ دەژمێری!

١. بێخمە: پڕۆژەەیەکی ستراتیژی بوو لە زۆزانی بێخمە، کە دوای ڕاپەڕین سەرانی بەرەباب و پارتخێڵەکانی باشوور هەموو ئامێر و کەرستەکانیان فەرهوود و هەرزانفرۆش کرد.
٢. جەی گارنەر: ئەو ژەنەڕاڵە ئەمریکاییەی پاش سەددام بووە ئەندازیاری'عێراقی تازە' و بەشداریی سەرانی پارتخێڵەکانی کوردستان دانا و لە ماددەی ٥٨ی قانوونی دەوڵەتی عێراقیی بەرجەستەکرد، پاشتریش، هەر ئەم ماددەیە ترەکی و ژەهرماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراقیی لێ کەوتەوە.
ناوەڕاستی ٢٠١١
لاپەڕەی ١٣١,١٣٢,١٣٣,١٣٤,١٣٥,١٣٦,١٣٧
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit