ئاڵەکۆک

عەبدوڵڵا پەشێو add_a_photo
عەبدوڵڵا پەشێو سەوڵم پۆڵا کەناریش دوور
٣٤. کۆچی مۆنیکا بۆرگوارد
تەنیا جارێک وەرە خەونم!
زۆر لەمێژە بە عەزرەتی دیدارێکم.
هەر ساتێکی ئارەزووت کرد،
وەک باویلکەی بەربای پایز، من لەسەر پێم.
هەر جێیەکی خۆت بە دڵتە،
بەس پێم بڵێ وەکات لەوێم.
*
من نامەوێ کاتت بگرم...
خۆ دەزانم،
تۆ هەنووکە نە گلێنەکەی جارانی،
هەر دەمێکی مەیلم لێ بێ،
پڵەهەورێکم بۆ زین کەیت
لە پەڕی ناسکی بەیبوون،
بانگم بکەی
بۆ گەشتێکی ئەودیو گەردوون؛
نە باوەشەکەی جارانی
بۆم پەڕەکەی بۆنی مێرگ و مێرغوزاران؛
نە لێوەکەی جارانیشی،
مێژووی ماچم پێ بخوێنی
لەبەر تیشک و لێزمەی باران...
تۆ هەنووکە یەک گەردیلەی پیرۆزی وای
ئاشنای ڕێگەی عەرشی خودای،
سەرقەتارەی قورینگانی،
قیبلەنمای گیاندارنی بەژ و دەریای.
*
لەگەڵ مندا تۆ نهێنیت هەرگیز نەبوو-
بەیانییان،
هەرکە چاوم دەکردەوە،
دارستانێک کۆش و باوەش دەوری دەدام،
شنەیەکی 'بەیانی باش'
کلیلدانی ئەستێرانی لە مست دەنام.
*

لەبیرتە چۆن
کۆترەکانی 'سانسووسی' مان١
بە وردکەنان تێرت دەکرد و
چۆن دڵیانمان دەبردەوە؟
لەبیرتە چۆن
بۆ نەورەس و سۆنەکانی دەریای بڵتیک
بەری دەستمان
وەک سفرەیەک دەکردەوە؟
ئێ... تۆ بڵێی،
هەر هیچ نەبێ،
لە پاداشتی ئەمانەدا
خودا مەودای دیدارێکی ترمان نەدا؟
*

مادام چیدی
دەرسی ماچم پێ ناخوێنی
لەبەر تیشک و لێزمەی باران؛
مادام جارێ
من ڕەها نیم لەم جەستەیە و
تۆش نامۆی بە جەستەی جاران-
وەرە خەونم!
گەر حەز دەکەی،
وەک قورینگێک،
دابەزە و چەند چرکەساتێک
لە ژوور سەرم لەنگەر بگرە.
گەر حەز دەکەی،
چاوقووچانێک تێم بئاڵێ
وەکوو تەنکە تەمێکی ئاڵ،
هەر ئەوەندە و جێم بهێڵە،
لە بۆنی گیای بەهەشت شەڵاڵ.
***
من وەک جاران خەوم سووکە،
تا بکرێ زوو ڕەهات دەکەم...
بۆچی نایەی؟
خۆ تۆ ئێستا لە شنەی باش ڕەهاتری...
خۆ تۆ ئێستا قیبلەنمات نووری عەرشە و
بە ڕێی گیانم لە خوودی خۆم ئاشناتری!
*
تەنیا جارێک ورە خەونم!
زۆر لەمێژە بە عەزرەتی دیدارێکم.
هەر ساتێکی ئارەزووت کرد،
وەک باویلکەی بەربای پایز، من لەسەر پێم.
هەر جێیەکی خۆت بە دڵتە،
بەس پێم بڵێ، وەکات لەوێم.

١. سانسووسی: تەلار و باخ و باخاتێکی زۆر گەورەیە لە شاری پۆتسدامی نێزیک بەرلین.
٢٠٠٤/٩/٩ - هێلسنکی
لاپەڕەی٩٦،٩٧،٩٨،٩٩،١٠٠،١٠١،١٠٢
نووسین: خالید قادری

پەراوێز edit